لە کرماشان ٢ ئەندامی بنەماڵەیەک لە ئاودا خنکان

15:56 - 18 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی کرماشان لە کاتی سەیراندا بەهۆی کەوتنە ناو ئاوی چۆم، تووشی خنکان بوون و گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: رۆژی هەینی رێکەوتی ١٦ی خاکەلێـوە، ٢ برا بەناوەکانی \"ئەبووزەر و عەلی ورمەزیار\" تەمەن ٢٦ و ٢٣ ساڵ بەهۆی کەوتنە ناو ئاوی چۆمی نزیک سەیرانگای بێستوون، لە ئاودا خنکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: تەرمی ئەو ٢ هاووڵاتییە کوردە لەلایەن پێرسونێلی پێترۆشیمیی کرماشان لە ئاو کێشرانەتە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەوە ٢ حەفتە پێش ئێستا هاووڵاتییەکی دیکەی کورد خەڵکی کرماشان بەناوی \"نەورۆز نەجەفی\" تەمەن ٢٤ ساڵ لە بەنداوی \"ئازادی گەهوارە\"ی سەربە شاری داڵاهۆ لە ئاودا خنکا.