لە شاری سلێمانی یادی ئێعدام کراوانی ١٩ی بانەمەڕ کرایەوە

15:58 - 20 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد – ئوروپا، بۆ یاد و بیر ئانینی ئێعدام کراوانی ١٩ی بانەمەڕ و بە ئامادە بوونی بنەماڵەکانیان کۆڕ یادێکی بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە ریکەوتی ١٩ی بانەمەر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد – ئوروپا بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ئێعدام کراوان و رێژەیەکی بەرچاو لە هاوولاتییان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، ساڵیادی ئێعدام کرانی \"فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولى، عەلى حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی و مەهدى ئیسلامیان\"یان بەرز راگرت.

لەو کۆڕیادەدا پەیامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد – ئوروپا، پەیامی بنەماڵەی زانیار و لوقمان مورادی، زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام و پەیامی بنەماڵەی ئێعدام کراوانی ١٩ی بانەمەڕ خوێندرایەوە.

لە پەیامی رێکخراوی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد – ئوروپادا هاتبوو، سێ ساڵ بەسەر تراژیدیایەکى گەورە و پێشێلکارییەکى زەقى مافەکانى مرۆڤدا تێپەڕى، کە بە لەسێدارەدانى بەکۆمەڵ کوشتارێکى سیاسى و سیاسەتێکى پاکتاوکارانەیان بەرامبەر بە چالاکانى کورد بەڕێوە برد. پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ لە لایەن بەرپرسانى حکومەتى ناوەندیى ئێرانەوە نەک رووى لە کەمبوونەوە نەکردوە، بەڵکو شاڵاوى پەرماردانى چالاکانى سیاسى، مەدەنى و رۆژنامەنووسان لە رۆژهەڵاتى کوردستان چڕتربووەتەوە.

لە بەشیکی دیکەی ئەو پەیامەدا ئاماژە بەوەش کرابوو، دەزگاى دادوەریى ئێرانیش بێباکانە سزاى لەسێدارەدان بۆ دەستگیرکراوە جۆراجۆرەکان دەردەکات، ئەو دۆخە ئاماژەیە بۆ زیاتر قوڵبوونەوەى قەیران و پێشێلکاریەکانى مافى مرۆڤ و نەبوونى هیچ بەرنامەیەک بۆ چارەسەرکردنى قەیرانە جۆراجۆرەکانى کۆمەڵگە.

کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کورد – ئوروپا لەگەڵ ئەوەى خوازیارى هەڵوەشاندنەوەى هەمو جۆرە سزایەکى لەسێدارەدانە جەخت لە ئازادکردنى بى قەید و مەرجى چالاکانى سیاسى، مەدەنى و رۆژنامەنووسان و راگرتنى کوشتارى کاسبکارانى سەر سنوورەکانى کوردستانیشە.

هەروەها بنەماڵەی \"زانیار و لوقمان مورادی\" لە پەیامەکەیاندا داوایان لە رێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و لایەنە سیاسییەکان و ئازادیخوازان کردبوو بە بەردەوامى پشتیوانى لە زیندانیانى سیاسى و بنەماڵەکانیان بکەن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵاتى دادوەرى ئێران بخەرنە گەر تاوەکو تێکڕاى زیندانیانى سیاسى و مەدەنیى کورد ئازاد بکرێن و سزاى ناڕەواى سێدارە لە سەر رۆڵەکانمان هەڵبوەشێتەوە، چونکە وەک زۆربەى زیندانییە سیاسییەکانى گرتوخانەى رەجایى شارى کەرج لەنامەیەکى هاوبەشدا جەختیان لەوە کردبوەوە، زانیار و لوقمان بێتاوانن و داواشیان کردبوو لە کەشێکى دادپەروەرانەدا سەرلەنوێ دادگایى بکرێنەوە.

لەبەشێکى لەپەیامی بنەماڵەى ئێعدام کراوانی ١٩ى بانەمەڕدا کە لە لایەن \"سەعدیە وەکێڵى\" خوشکى شەهید \"فەرهاد وەکێڵی\"یەوە خوێنرایەوە و وێڕاى ئاماژە کردن بە یەکهەڵوێستى گەلى کورد لە هەمبەر ئەو تاوانەى دەسەڵاتدارانى حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، داوا لە رێکخراو و لایەنە سیاسیەکانیش کرابوو کە بە بەردەوامى پشتیوانى لە زیندانیانى سیاسى و کەس و کارەکانیان بکەن.