قەیرانی بێ ئاوی لە ئوستانەکانی ئیلام و کرماشان

16:26 - 12 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: قەیرانی بێ ئاوی لە ئوستانەکانی ئیلام و کرماشان روژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنت و بە شێوەیەک لە زۆربەی گەڕەک و ناوچەکانی ئەو ٢ ئوستانە، ئاو جیرەبەندی کراوە.

فەرمانداری شاری \"کەنگاوەر\"ی سەربە ئوستانی کرماشان رایگەیاندووە کە ٢ دانە لە چاڵاوەکانی ئەو شارە بەهۆی کەمیی ئاوی ژێر زەوی بێ کەڵک ماونەتەوەو بەو هۆیەوە ٤٠%ی هاووڵاتییان بەرەوڕووی گرفتی ئاو بوونەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا گەڕەکەکانی \"فەرهەنگیان، ئاموزگار، کارمەندان، سپا، وەلی عەسر، جیهاد، دەستغەیب، مستەفا خومەینی، بەهەشتی و شەریعەتی\" تووشی قەیرانی بێ ئاوی بوون و هەنووکە بەشێوەی جیرەبەندی ئاویان بەسەردا دابەش دەکڕێ.

لەلایەکی دیکەوە لە زۆربەی گەڕەکەکانی وەک: \"جانبازان، هیجرەت و شاەئاباد\"ی شاری ئیلام قەیرانی بێ ئاوی تەنگی بە هاووڵاتییان هەڵچنیوە و هاووڵاتییان تەنانەت بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕووی گرفت دەبنەوە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گەڕەکی \"جانبازان\"ی ئیلام بە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندووە، تەنیا لە نیوە شەودا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک \"ئاوی لوولە کێشی\"مان هەیە و لە کاتەکانی دیکەی رۆژدا ئاو بەتەواوەتی دەبڕی وئەمەش گەورەترین گرفتی بەتایبەت لە رووی پاک و خاوێنییەوە بۆ دروست کردووین.

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی گەڕەکی \"شاه‌ئاباد\" باسی لەوە کردووە، زۆربەی کاتەکان ئاوی لوولە کێشی لەم گەڕەکە دەبڕێ و هەتا ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەر کردنی ئەم قەیرانە نەداوە و هاووڵاتییان لە کاتی سەردان بۆ ئیدارەی ئاوو برق تەنیا لەگەڵ بەڵێنیی بەرپرسان بەرەوڕوو دەبنەوە.