قوتابیانی ٥ گوندی شاری روانسەر مەترسیی گیانیان لەسەرە

20:12 - 28 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی جێبەجێ نەکرانی بەڵێنیەکانی پەیمانکاری ئیدارەی گشتیی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان، قوتابیانی ٥ گوندی شاری روانسەر لە دۆخێکی ناجێگیردا بەسەر دەبەن.

رۆژی رابردوو هەواڵدەریی \"ئیرنا\" بڵاوی کردەوە، کە بینای قوتابخانەی گوندەکانی \"قەڵایەن، بنچەڵێ، بەوراوا، ملە پاڵنگانە و سریاس مەترسی داڕمانیان لەسەرە و هەڕەشە لە گیانی قوتابیان دەکات.

فەرمانداری روانسەر لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیرنا\" نیگەرانیی خۆی لەمەڕ هاتنە ئارای رووداوی دڵتەزێن لەو قوتابخانانەیە دەربڕیوە و هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسی گشتیی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان لە دۆخی ئەو قوتابخانانە ئاگادارە و لەهەمبەر ئەو بابەتدا کەمتەر خەمی دەنوێنێ.

\"10240.jpg\"
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئێستا قوتابیانی گوندەکانی \"قەڵایەن و ملە پاڵنگانە\" لە ناو مزگەوتی ئەو گوندانەدا وانەیان پێ دەوترێتەوە و کوورەی نەوتیی مزگەوتی قڵایەن بە درێژی ٤ میتر بە لوولە نەوتی بۆ راکێشراوە و هەردەم ئەگەری ئاگرکەوتنەوە لە ئارا دایە.

هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە قوتابخانەی گوندەکانی \"سریاس و بەوراوا\" لە بوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و برق بیبەرین.

جەلال ئەمینی، بەرپرسی گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کرماشان رایگەیاندووە هەبوونی ئەو گرفتانە لەو ٥ گوندەی شاری روانسەر، پەیوەندی بە بۆ نەبوونی بۆدجەی پێویست و جێبەجێ نەکرانی بەڵینی \"پەیمانکاران\"ەوە هەیە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا، سەرەرای ئەوەیکە هێڵی گاز لەلای ئەو گوندانەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام هەتا ئێستا قوتابخانەی ئەو گوندانە بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکان لە کوورەی نەوتی کەڵک وەردەگرن.

\"10239.jpg\"
بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێک دایە، کە رۆژی ١٥ی رەزبەر بە هۆی تەقینەوەی کوورەی نەوتی لە قوتابخانەی گوندی \"شیناوێ\"ی سەربە پیرانشار، ٣٧ کچە قوتابیی تەمەن ١٠ ساڵ تووشی رووداوی ئاگر بوون و کە دواتر بەو هۆیەوە کەسێکیان گیانی لەدەست دا.

ماوەیەک پێش ئێستا فەرمانداری شاری پاوە لە کۆبوونەوەی شۆرای \"پەروەردە و بارهێنانی\" ئەو شارەدا بە هۆی کەمتەرخەمیی ئیدارەی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان، بە توندی ئەو ئیدارەیەی دابوویە بەر رەخنە و رایگەیاندبوو کە ئەگەر بەزووترین کات ئاوڕ لەو قوتابخانەکانی بەخشی نەوسوود و بانەوڕە\" نەدرێتەوە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر گیانی قوتابیان و روودانی رووداوی دڵتەزێن چاوەڕوان دەکرێ.