عومەر فەقێپوور، زیندانیی سیاسی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا

17:39 - 23 خاکەلێوه 2721

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، عومەر فەقێپوور، زیندانیی سیاسیی کورد پاش ٢١ ساڵ زیندان، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە ٢١ـەمین ساڵی زیندانیبوونەکەیدا، پاش هاتنی بەخشنامەیەکی نوێی لێخۆشبوون و ڕاگەیاندنی ئازادیی ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئازاد کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی زیندانیبوونەکەیدا، لە مافی مەرەخەسی و ئازادیی بە مەرج بێبەری کراوە.

عومەر فەقێپوور و خالید فەرەیدوونی، ڕێکەوتی١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩، لە یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی "دژایەتیکردن لەگەڵ خودا (محاربە)"، لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئێعدام مەحکووم کران کە ئەو حوکمە لە ساڵی ١٣٨٤ لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ زیندانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە ساڵی ١٣٨٣، لە زیندانی مەهاباد بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ دوورخرانەوە و هەروەها لە ساڵی ١٣٨٦دا، بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج دوور خرانەوە.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، پاش ١٠ ساڵ دوورخرانەوە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، مانگی خەزەڵوەری ٩٦، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون.