شارام نازری: دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران بەبێ ئیزنی من گۆرانییەکانم بڵاو دەکاتەوە

10:53 - 16 رەزبەر 2721

شارام نازری، هونەرمەندی گەورەی نەتەوەی کورد، بە نیسبەت بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکانی لە دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێراندا بەبێ ئێزنی ناوبراو ناڕەزایەتیی دەربڕی.

ئەو هونەرمەندە کوردە لەو بارەیەوە بە هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیسنا"ی ڕایگەیاندووە: "دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران ماوەی ٤٢ ساڵە بە بێ ئاگاداریی من گۆرانییەکانم "کۆپی ڕایت" دەکات و بەبێ لە بەرچاوگرتنی مافێک و دوور لە ڕەوانگەی مرۆیی، گۆرانییەکانم بڵاو دەکاتەوە".

شوالییەی کورد، ئەو هەوڵەی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێرانی بە "دەسدرێژی" شوبهاندووە و ڕایگەیاندووە: "بە هەموو شێوەیەکی ناڕەزایەتیی خۆم دەربڕیووە لەمەڕ بڵاونەکردنەوەی بەرهەمەکانم لە ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن، کە بە داخەوە هەتاکوو ئەمڕۆ ئاکامێکی نەبووە".

ئەو هونەرمەندە گەورەی کوردە هەروەها دەڵێت: "چەندین بەرهەمی ناتەواوم ماوە کە تەواویان بکەم، بەڵام هیچ دامەزراوەیەک یان هیچ ناوەندێک نییە کە تەنیا پارەی دابینکردنی ئەو بەرهەمانەم، پێی بدات".

پێشتریش و لە ساڵی ٩٥، خەڵاتی تەندیسی فەرهەنگ و هونەر لە ڤێستیڤاڵی نەتەوەکانی ئێران لە شاری کرماشان کە پێشکەش بە ناوبراو کرا، ڕایگەیاند: "ئەگەر دەنگ و ڕەنگی ئێران گۆرانیم بڵاو بکاتەوە، گۆرانی ناڵێم".

شارام نازری ساڵی ١٣٢٨ لەشاری كرماشان لەدایک بووە و بە حوكمی ئەوەیكە بنەماڵەكەی لایەنگەری هونەر بوون، هەر لە سەردەمی منداڵیدا، دایكی لەگەڵ شێعر و ئاواز ئاشنای كردووە و لە زۆربەی بەرهەمەكانیدا كەڵكی لە شێعرەكانی مەولانا وەرگرتووە و گۆرانییەكانی تێكەڵاوێكە لە سەبكی حیماسی و عێرفانی.