سەردەشت/ دەستبەسەر کردن و ناڕوونی چارەنووسی ٢ هاووڵاتیی کورد

17:26 - 23 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپیی راپۆرتی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \" رەشید رەسووڵیان\" دانیشتووی گەڕەکی \"کانی مەڕ\"ی شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ناوەندی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاندووە، کە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوەو ناوبراویان لەگەڵ خۆیاندا بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

دەگوترێت کە هاوسەری رەشید رەسووڵیان بە ناوی کورتکراوی \" سین، ئەلف\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکراوە، کە ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای ناوبراو دروست کردووە.

لەلایەکی دیکەوە \"فەرزاد شێخانی\" کوڕی عەبدوڵڵا و خەڵکی گوندی \"گەوەلان\"ی شاری سەردەشت پاش زیاتر لە ٢ مانگ لە دەستبەسەری هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

فەرزاد شێخانی تەمەن ٢٣ ساڵ مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩١ لەلایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی شاری سەردەشتەوە بە تاوانی \"هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەت، پەڕینەوەی نایاسایی لە سنوور و پڕوپاگەندە بەدژی حكوومەت\"، بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەمانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا ٣٢ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئامارە ریژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەهۆی نەبوونی میدیای ئازاد و دۆخی ئەمنییەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئامری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.