ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە لە ناوچەی سەردەشت بریندار بوو.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بەناوی "عوسمان نەبیپوور" تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "نیوچوان"ی سەردەشت لەگەڵ چەندین کۆڵبەری دیکە کەوتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هیزانەدا بەتوندی بریندار کرا.
چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران رایگەیاندووە کە ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش بریندار بوون لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دەستبەسەر و بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستی ناوبراو، رەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی گەلاوێژەوە هەتا ئیستا ٧ کۆڵبەری کورد لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بریندار کراون و کۆڵبەرێکی دیکەش بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە گیانی لەدەست داوە.
ئەو ئامارە ریژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە کوردنشیەنکانی ئیران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.





