سێیەمین پێشانگای "هێلان"

16:29 - 21 سەرماوەز 2721

کچە شێوەکارێکی ڕۆژهەڵاتی سێیەمین پێشانگای خۆی لە پەیمانگای "گوتە" لە شاری هەولێر کردەوە.

هێرۆ شێخه کچە شێوەکارێکی ڕۆژهەڵاتی خەڵکی شاری شنۆ، سێیەمین پێشانگای خۆی بە ناوی "هێلانـ"ـی لە پەیمانگای گوتە کردەوە و هەتا کۆتایی مانگ بەردەوام دەبێت.

لەو پێشانگایە ژمارەیەک لە هونەرمەندان و هەروەها هاووڵاتییانی شاری هەولێر بەشداری و پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا.

ئەو ژنە هونەرمەندە ڕۆژهەڵاتییە، بەم شێوەیە پێناسەی ئەو پێشانگایەی کردووە: خێزان سەرەکیترین پەناگە و پشتیوانی تاکە، بەڵام سەبارەت بە ژنان لە زۆر شوێنی جیھان و بە تایبەت رۆژھەڵاتی نێوەڕاست خێزان گەورەترین مەترسیی سەر ئازادی و ژیانی ژنانە. لە ھەرێمی کورستان زۆربەی ئەو ژنانەی لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە پشتگیریی پێویست وەرناگرن، ھانا بۆ شوێنی وەک ماڵی داڵدەدانی ژنان دەبەن. ئەو ژنانە دونیای دەرەوەیان لێ بووەتە بەندیخانە و لە ترسی ئەو خێزانانەی دەبنە مۆتەکەی ژیانیان، خۆیان لە چواردیوارێکدا حەشار دەدەن. ئەم تابلۆیانە ڕەنگدانەوەی تەنیایی و بێ‌دەرەتانیی ئەو ژنانەیە.

ڕەنگدانەوەی ژن لە بەرهەمەکانی هێرۆی شێوەکار کە بە وتەی خۆی خەریکی وردبوونەوە لە خۆی و پرسیارکردن سەبارەت بە بوون و پێگەی خۆی لەم جهانەدایە. واتە بەدوای پێناسەکردنی ژندا نیم. وەک ژنێک کە لەنێو ئەم کۆمەڵگەیەدا گەشەم کردووە، هەموو کات بە هەستیارییەوە لە کاریگەرییەکانی لەسەر ژیان و کەسایەتیی ژن ڕوانیومە. پێم وایە نەک هەر ژنان بەڵکوو مرۆڤ بەگشتی سەرەڕای پێشکەوتن و داهێنانەکانی، لە ڕووی ڕۆحی و کەسێتییەوە زیاتر و زیاتر تووشی سەرلێشێوان دەبێت. هەر لەبەر ئەمەشە کارەساتەکان زیاتر و زیاتر دەبن. هەموو کات ئەو کارەساتانە کە زیاتر کاریگەرییان لەسەر ژنان هەیە، لە کارەکانمدا ڕەنگ دەدەنەوە.

هەروەها ماسی و ژن لە تابلۆکانی ئەو ژنە شێوەکارە ڕەنگدانەوەی هەبووە، بە واتایەکی دیکە  ژن و ماسی تەواوکەری یەکترن، ئەو لەو بوارەدا دەڵێت: لە داڕشتنی ئەم تابلۆیانەدا لە موتیفی ماسی وەک هێمایەک کەڵکم وەگرتووە. ماسی و ژن لە تابلۆکاندا هاودەمن. لە کارە سەرەتاییەکاندا ماسیی سوور لە داڕشتنەکاندا زاڵە. ماسی بەگشتی و ماسیی سوور بەتایبەتی لە کۆنەوە و لە کولتوور و ئایینە جۆراوجۆرەکاندا وەک هێمای ژیان، سەرکەوتن، شادی، گەشە و خۆشەویستی پێشاندراوە. هەموو ئەمانە ئەو ئاواتانەن مرۆڤ بەدرێژاییی ژیانی لەدوای وەدیهێنیانە.

هونەرمەندی شێوەکار “هێرۆ شێخە” لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. هەتا تەمەنی ١٧ ساڵی هەر لە شاری شنۆ ژیاوە. دوای خوێندن لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ بنەماڵەکەی دێنە بۆ باشووری کوردستان و لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە لە هەولێر دەژیت. هەر ئەو ساڵە لە بەشی شێوەکاریی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین وەرگیراوە و درێژەی بە خوێندن داوە. هێرۆ شێخە پاش تەواکردنی زانکۆ دوو پێشانگای تایبەتی لە ساڵێ ٢٠١٣، پێشانگای دووەمیشی ساڵی ٢٠١٤ کردووەتەوە. هەروەها بەشداری لە چەندین پێشانگای هاوبەش کردووە. شێوەکار شێخە ئیستا خوێندکاری ماستەرە لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان.