سێ هاووڵاتی لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

11:28 - 8 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئارام مورادیان"، کوڕی عوسمان، "ئەمیر ڕەزایی"، کوڕی جەمیل و "ئارەش ئەحمەدی" کوڕی ناسر، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.

ئارام مورادیان و ئەمیر ڕەزایی، مانگی بەفرانباری ٩٩، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو سێ هاووڵاتییە، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

وێنە: ئارەش ئەحمەدیان، ئەمیر ڕەزایی و ئارام مورادیان