سیروان ئەرغەوانی و فەرزاد سادقییان لە زیندانی سنە ئازاد کران

10:42 - 31 خەرمانان 2721

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سیروان ئەرغەوانی"، کوڕی خوداکەرەم و "فەرزاد سادقییان"، کوڕی حەبیب، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە سنە، لە زیندانی ئەو شارەدا ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە بە لێخۆشبوونی ماوەی زیندانییەکەیان لە زیندانی سنە ئازاد کراون.

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی سنە کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە مانگی گەلاوێژی ٩٨، پاش بانگهێشکردنیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئەو ئیدارەیەدا بوونە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر"، بێبەری کراون.

ناوبراوان پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.

سیروان و فەرزاد، لە کۆتاییدا لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، هەر کامەیان بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران کە دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ هەر کامەیان، بۆ ٦ مانگ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

سیروان ئەرغەوانی، دەرچووی بواری ئەندازیاریی دامەزراوەکانە.

وێنە: سیروان ئەرغەوانی و فەرزاد سادقییان