سنە؛ شێیس ئەمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

10:53 - 12 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕ، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار، شێیس ئەمانی، چالاکی کرێکاری و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران لە سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی چالاکێکی کرێکاری لە سنە، ژمارەیەک لە کرێکاران ویستوویانە ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە شارەکی سەنعەتیی ژمارە ٢ی سنە بەڕێوە ببەن کە پێش لە دەسپێکی ڕێوڕەسمەکە، لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر و پاشان مەئمووران، کرێکارانیان داوەتە بەر ئەشکەنجە و لێدان و چەند کرێکاری بەشداربوو لە ڕێوڕەسمەکەیان دەسبەسەر کردووە کە شێیس ئەمانیش یەکێک لە دەسبەسەرکراوانە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی شێیس ئەمانی، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.