٢٥ ساڵ زیندانی و دوور خرانەوە بۆ هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٣ ساڵی کورد

14:06 - 19 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی شاری میناب لە ئوستانی هورموزگان مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەفشین سۆهراب زادە تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی کرماشان بە تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوور خرانەوە بۆ زیندانی میناب لە ئوستانی هورموزگان حوکم درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی سالی ١٣٨٩ لە نێوان جادەی سنە – سەقز لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری کامیارانەوە دەستبەسەر و بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرابوو.

کەمپەینی نێو نەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردۆتەوە، ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە ١٤ مانگ پێش ئیستا لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ زیندانی شاری میناب راگوێزراوە.

هەنووکە چەندین زیندانیی سیاسیی و مەدەنیی کوردی وەک \"کەماڵ شەریفی، سەلاح مستەفاپوور کە زیاتر لە ٢٠ ساڵ حوکمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە بۆ زیندانی شاری میناب دوور خراونەتەوە.

چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کەحکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانیانی سیاسیی کورد بۆ مەبەستێکی تایبەت و دیاریکراو و بەشێوە سیستماتیک بۆ زیندانی شاری میناب کە گرتووخانەیەکی تەڕ و نالەبەرە، بەڕێ دەکات، هەتا بەم شێوەیە لە تەمەن و هەڕەتی لاوەتیدا تووشی پوان ببن.

هەر لەو پەیوەندییەدا و ماوەیەک پێش ئێستا زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەناوی \"محەممەد زینەتی\" تەمەن ٣١ ساڵ و کوڕی \"مەنسوور\" کە بە زیندنای هەتاهەتایی مەحکووم کرابوو،لە زیندانی شاری میناب تووشی نەخۆشی هاتبوو کە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەست دابوو.