زەختی ناوەندە ئەمنییەکان بۆسەر مامۆستا حەسەن ئەمینی روو لەزیادبوونە

19:39 - 24 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی فشار بۆ سەر چالاکانی مەزهەبیی کورد، یەکێک لە سیما ناسراوە مەزهەبییەکانی کوردستان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی رەزبەر مامۆستا حەسەن ئەمینی مامۆستای سوننی مەزهەبی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئوستانی کوردستان کرا و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرا.

ماڵپەڕی ئیسلام کورد زمانحاڵی مەکتەب قورئانی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، کە مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات سەبارەت بە چالاکییەکانی خوێندنگەی ئیمام بوخارا، نامە ناردن بۆ بەرپرسانی سێ دەزگای دادوەری، یاسادانان و ئیجرایی ئێران و هەروەها لێدوان بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵات لێپرسینەوەی لێکراوە.

مامۆستا حەسەن ئەمینی لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا بە بڵاو کردنەوەی نامەیەک روو لە بەرپرسانی سێ دەزگای دادوەری، ئیجرایی و یاسادانانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارە دانی زیندانیانی سوننی مەزهەب بوو.

هەروەها بەرپرسانی ئەمنیەتیی تاران و سنە رێگرییان لە چوونی حەسەن ئەمینی بۆ رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵ کردووە.

پاسپۆرتی چالاکی ناسراوی ئایینی کورد لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە زەوت کراوە و هەوڵەکانی مەولانا عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتی مامۆستا حەسەن ئەمینی هێچ ئەنجامێکی لێ نەکەوتەوە.

بانگهێشت کردن و زەوت کردنی بەڵگەکانی ئەو مامۆستا ئایینییە له حاڵێک دایە کە دەوڵەتی نوێ بەڵێنیی هاوکاری و یارمەتری دانیان بە هاووڵاتییان دابوو.