زیندانییەکی سیاسی کورد حوکمی ئێعدامەکەی پێ راگەیاندرا

14:56 - 10 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: محەممەدعەبدوڵڵاهی زیندانی سیاسیی کورد لە لایەن لقی ١‌ی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بەئێعدام مەحکووم کراوە و حوکمەکەش بە شێوەی زارەکی بەو هاووڵاتییە کوردە راگەیەندرا.

محەممەد عەبدوڵڵاهی ساڵی ١٣٨٩‌ی هەتاوی لەشاری مەهاباد بە تۆمەتی ئەندامەتیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەگرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.

هاوکات برای ئەم زیندانییە بە ئێعدام مەحکووم کراوە، بەناوی \" ئەمین عەبدوڵڵاهی\" بە تاوانی هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوموەتی ئیسلامیی ئێران بە ١٨ ساڵ زیندنایی تەعزیری مەحکووم کراوە و هەنوو کە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

محەممەد عەبدوڵڵاهی بە هۆی لێدانی زۆر دەست و لاقێکی شکابوو و لە ئەنجامی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی تووشی نەخۆشی ببوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ١١ جار لەلایەن دەزگا قەزاییەکانەوە دادگایی و لێپیچینەوەی لەگەڵ کراوە و لە ئەنجامدا حوکمی ئێعدامەکەی بەشێوەی زارەکی لە لایەن لێپرسراوانی گرتووخانەی مەهابادەوە پێی راگەیەندراوە.

محەممەدعەبدوڵڵاهی تەمەنی ٣٥ ساڵە و رێکەوتی ٤‌ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٩‌ی هەتاوی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە تەقەی لێکرابوو و بە برینداری دەستبەسەریان کردبوو.
سەرجەم جەلەسەی دادگایی کردنەکانی محەممەد بێ‌بوونی پارێزەر بەڕێوە چووە.