زیندانییەکی سیاسی: دەزگای شەپۆلی سەرەتان زا لە زیندانی رەجایی‌شەهر دانرا

19:09 - 27 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرچاوەیەک لەناو زیندانی \"رەجایی شەهری کەرەج\"ەوە ئاشکرای کرد لە چوار دەوری ئەو زیندانە دەزگای تایبەت بە ناردنی شەپۆلی پارازیتی \"سەرەتان‌زا\" دانراوە و لەمەوبەدوا هیچ زیندانییەکی سیاسی ناتوانێت پێوەندی بە دونیای دەرەوە بگرێت.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەناو زیندانی \"رەجایی شەهری کەرەج\"ەوە لە وتووێژێکی تەلەفۆدیندا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: \"لە چوار دەوری شوێنی هەواخۆریی زیندان بە بەرزیی ٢ میتر تێلدڕوویان داناوە و لە پشت ئەو تێلدڕوانە بە مەبەستی پچڕانی پێوەندیی تەلەفۆنی زیندانیانی سیاسیی بە دونیای دەرەوە، دەزگای تایبەت بە ناردنی شەپۆلی پارازیتیان دامەزمەزراندووە\".

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند: ئەم پێوەندییە دوایین پەیوەندیی زیندانیانی سیاسی بە دونیای دەرەوە دەبێت و بە هیچ شێوەیەک لەمەوبەدوا ناتوانن دەنگیان بگەیەننە دەرەوەی زیندان.

دانانی دەزگای ناردنی پارازیتی سەرەتان‌زا ناڕەزایەتیی بەرینی زیندانیانی سیاسیی ناو زیندانی رەجایی شەهری کەرەجی بەداوە بووە، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، کە هەتا ئێستا چەندین جار دەزگای پارازیت لەو زیندانە دانراوە و ئەو مەترسییەی لەلای زیندانییەکان دروست کردووە کە گرفتی لەسەر باری تەندروستییان دەبێت، بەڵام ئەم مەسەلەیەش لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە پشت گوێ خراوە.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی درکاندووە، کە بەندکراونی بەندی گشتیی زیندانی رەجایی‌شەهری کەرەج دەتوانن هەموو رۆژێ لە کاتژمێر ٨ی بەیانی هەتا ١٠ی بەیانی لە رێگای تەلەفۆنی ناو زیندانەوە لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێوەندییان هەبێ، بەڵام زیندانییە سیاسییەکان لەم مافە بێبەرین و پێشگیری لە پێوەندی تەلەفۆنی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەگیرێت.