زیندانییەک خەڵکی دیواندەرە لە زیندانی ناوەندیی بیرجەند لە سێدارە درا

11:45 - 24 خاکەلێوه 2721

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، حوکمی ئێعدامی زیندانییەک بە ناوی "ئەرسەلان مورادی"، کوڕی عەبدوڵڵا و خەڵکی شاری دیواندەرە، لە زیندانی ناوەندیی بیرجەند جێبەجێ کرا.

یەکێک لە نزیکەکانی ئەو زیندانییە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاندووە: ئەرسەلان مورادی، دوو ساڵ لەمەوبەر لە خوراسانی باشوور دەسبەسەر کرا و دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران ناوبراوی بە تۆمەتی "مادە سڕکەرەکان"، بە ئێعدام مەحکووم کردبوو.

ناوبراو وتوویەتی: "تەرمی ئەو زیندانییە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی خاکەلێوە ئەسپەردەی خاک دەکرێت".

ئەرسەلان مورادی، خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.