زیندانی نەغەدە؛ باپیرە بەرزە دەستی داوەتە مانگرتن

12:35 - 30 خەرمانان 2721

باپیرە بەرزە، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی گوندی "چیانە" سەر بە پیرانشار، لە ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانان، لە زیندانی نەغەدە دەستی داوەتە مانگرتن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ڕاگواستنی لە زیندانی کراوە بۆ زیندانی داخراو، دەستی داوەتە مانگرتن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "باپیرە بەرزە بەدوای سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، لە زیندانی کراوە بۆ زیندانی داخراو ڕاگوێزراوە".

ماوەیەک لەمەوبەر، لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لەگەڵ ئازادیی بە مەرجی ئەو زیندانییە سیاسییە دژایەتی کردبوو.

پێشتر لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی ئەو زیندانییه سیاسییه دژایەتی کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٩٩، پاش ٨ ڕۆژ لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێدرا.

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند.

مانگی گەلاوێژی٩٩، حوکمی زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ٤ ساڵ بۆ ٢ ساڵ  و ٦ مانگ کەم کرابووەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی "باپیرە بەرزە" بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوەی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری ڕوویداوە و دۆسیەی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی "باپیرە بەرزە" لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانی زیادی کرد.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨ ناوبراو لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.