رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

01:13 - 28 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە محەممەد سدیق کەبوودوەند لە ماوەی مەرەخەسیدا هیچ چەشنە لێدوان و وتوێژێکی ئەنجام نەداوە.

ئەو راگەیەندراوە کە رۆژی رابردوو بڵاو کرایەوە، لەبەر چاو گرتن و پەیڕەو کردنی رێساکانی لە ماوەی دەستبەسەریدا بۆ بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان پژڕاست کردۆتەوە.

لەماەی چەند رۆژی رابردوودا زۆرێک لە میدیاکانی سەربە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئیدیعای ئەوەیان کردووە کە محەممەد سدیق کەبوودوەند لە وتوێژێکدا کە لەگەڵ یەکیەتیی خوێندکارانی دێمۆکراتیکی کوردی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی بوویەتی، سەجەم پارت و رێکخراوە کوردییەکانی بە هەلپەرست لە قەڵەم داوە.
رێکەوتی ٣ی بەفرانبار محەممەد سدیق کەبوودوەند بە دانانی بارمتە چوەتە مەرەخەسی.

دەقی ئەو راگەیەندراوەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەمەڕ رەت کردنەوەی ئەو ئیدعایە وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

راگەیەندراو
ئاگادارتان دەکەینەوە کە محەمەد سدیق کەبوودوەند لە ماوەی مەرەخەسییەکەیدا هەموو جۆرە وتووێژ و لێدوانێکی لێ قەدەغە کراوە و هەتا ئێستا لە ئەنجام دانی لێدوان و وتوێژ خۆی بواردووە. \"بنەماڵەی کەبوودوەند پێداگری لەوە دەکەن کە محەممەد سدیق کەبوودوەند لەو ماوەیەدا سەرجەم یاساکانی لەبەر چاو گرتووە و هیچ لێدوانێکی بۆ کاناڵەکانی راگەیاندن نەبووە. بەم پێیە بڵاوبوونەوەی هەرجۆرە نووسراوە و بابەتێک بەناوی محەمەد سدیق کەبوودوەند بە دوور لە راستییە.

٢٦ی بەفرانبار ١٣٩١ی هەتاوی / ١٥ی ژانویەی ٢٠١٣ی زایینی
بەڕێوەبەرایەتیی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان