رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئێرانی بەهۆی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ مەحكووم كرد

16:16 - 29 سەرماوەز 2711
كوردپا: كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەمەڕ مەحكووم كردنی ئێران بەهۆی پێشێل كردنی جیدیی مافی مرۆڤ وەك، سزادان بە شەلاق و بڕینەوەی ئەندامانی جەستە و بەكار هێنانی بەردەوامی سزای ئیعدام بڕیارنامەیەكی پەسند كرد.

ئاژانس و هەواڵدەرییە نێودەوڵەتییەكان لەم بارەوە بڵاویان كردەوە، محەممەد خەزایی نوێنەری ئێران لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی دووشەممە بۆ پێشگیری لە پەسند كردنی ئەو بڕیارنامەیە زۆری هەوڵ داوە، بەڵام هەوڵەكانی رووبەڕووی شكست بوونەتەوە.

ئەو بڕیارنامەیە، بە پشتیوانیی كانادا جێبەجێ‌كراوە كە تێدا جەخت لەسەر نموونەكانی پێشێلكاریی مافی مرۆڤ وەك: ئەشكەنجە و رەفتاری بێشەرمانە و نامرۆیانە، یان سووكایەتی و تەمێ‌وەك حاڵەتگەلێكی پێشێلكاریی جیدی و نەبڕاوەی مافی مرۆڤ لە ئێران كراوەتەوە.

بڕیارنامەی ئەم جارەی كۆڕی گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدژی ئێران، لە كۆی 193 ئەندامی بەشدار بۆ دەنگدان، بە 89 دەنگی بەڵی، 30 دەنگی دژبەر و 64 دەنگی بیڵایەن پەسند كراوە.