رووداوی کار گیانی بیــرکەنێکی بۆکانیی ستاند

20:22 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە کاتی کار کردن لەناو بیرێکدا لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە، بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە ئێوارەی رۆژی رابردوو، رێکەوتی ٣ی سەرماوەز کرێکارێکی خەڵکی شاری بۆکان لەکاتی داهێڵانی ئاڵقەی چیمەنتۆ بۆ ناو بیرێک لە شەقامی ساحلیی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

ناسنامەی ئەو کرێکارە کوردە کە لە کاتی کار کردن لەناو بیرێکدا لەشەقامی \"ساحلی\"ی شاری بۆکان گیانی لەدەست دا، عوسمان ئەمینی راگەیاندراوە.

ئەم رووداوە دووەمین حاڵەتی بوونە قوربانیی لە چالاوەکانی شەقامی ساحلیی شاری بۆکان بووە کە پێشتریش منداڵێک لەکاتی کایە کردندا بەهۆی کەوتنە نێو چاڵاو لەو شەقامە گیانی لەدەست دا.

حەفتەی رابردوو ئیدارەی پزیشکی دادوەریی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا باسی لە ٥٧١ حاڵەت رووداوی کار لە ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کردبوو کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ١٢% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیبوو.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرری ئەمساڵەوە هەتا ئیستا ١١ کرێکاری کورد بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و کرێکارێکی دیکەش بریندار بووە.