روانگەی حەفتە: ١٤ حاڵەت پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی دووەمی مانگی رزبەری ٩٢دا

17:50 - 13 رەزبەر 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر زەق کردنەوەی هەرچی زیاتری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەرهەق بە هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردییەکانی ئێران حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\"دا بڵاو دەکاتەوە.

لەراپۆرتی ئەم حەفتەیەدا، بەشێوەی ئاماری حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا دەخرێتە روو.

لەراپۆرتی حەفتەی دووەمی مانگی رەزبەری ئەمساڵدا، روانگەی حەفتە دەپرژێتە سەر ١٤ حاڵەت پێشێلکاریی مافی هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران کە ٣ حاڵەت کوژران و برینداربوونی هاوولاتییانی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، ٦ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان و هەروەها ٦ حالەت بانگهێشتی هاووڵاتییانی کورد بۆ دادگاکان لەخۆ دەگرێت.

\"15821.jpg\"


تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی دووەمی مانگی رەزبەری ئەمساڵدا:

لەرۆژانی حەفتەی رابردوودا هاووڵاتییەک بەناوی \"محەممەد ئەمین\"، کوڕی سۆفی سەلیم و خەڵکی ناوچەی ورمێ کەلە خاڵی سنووریی ورمێ سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بەتوندی بریندار کرا.

ئە کۆڵبەرە تەمەن٤٣ ساڵەیە، خێزاندار و خەڵکی گوندی \"حەڵج\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ بووە کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکەی رووی لە کاری کۆڵبەری سەر سنوورەکان کردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە \" محەممە ئەمین\" لە نەخۆشخانەی \"خومەینی\"ی شاری ورمێ لەژێر چاوەدێری پزیشکیدا ماوەتەوە.

هەروەها:

هاووڵاتیەک خەڵکی \"ئەزگلە\"ی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی کە بە ماتۆڕ بەرەو سنووری \"شێخ سەڵە\" رۆیشتووە، لەلایەن هیزە نیزامییەکانەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا خۆی و ماتۆڕەکەی ئاگریان گرتووە و گیانی لەدەست داوە.

دەگوتڕێ، برای ئەو هاووڵاتییە کوژراوەی خەڵکی گوندی ئەزگلە کەلە سنوور خەریکی کۆڵبەری بووە بەهۆی بەربوونەوە لە ماتۆڕ بریندار بووە و ئەم کەسەی کە لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە کوژراوە، ویستوویەتی بە هانای براکەیەوە بچێت.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی شەممە رێکەوتی ٦ی رەزبەر کۆڵبەرێکی کورد بەناوی \"ئاسۆ\" کوڕی حوسێن لە خاڵی سنووریی \"شێخ سەڵە\" بەدەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١١ هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە کوژراون و هەروەها ١٢ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

\"15822.jpg\"


\"15823.jpg\"


تاوتوێ کردنی حاڵەتەکانی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی رابردوودا:

\"15824.jpg\"
دوابەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی یارسانی بە سووکایەتیی مەئموورانی زیندانی هەمەدان بە هاوولاتییەکی یارسانی، رێژەیەکی بەرچاو لەو هاوولاتییە ناڕازییانە کە خەڵکی شارەکانی سەحنە، هەرسین و داڵاهۆ و کرماشان بوون دەستبەسەر و رەوانە زیندان کراون.

ناوی چوار کەس لەو دەستبەسەر کراوانە \"رەسووڵ کەرەمی، مەیسەم حەیدەری لەدایکبووی شاری سەحنە و دانیشتووی کرماشان، سەعید بەغدادی و رەسووڵ رەشوەند خەڵکی کرماشان\" راگەیەندراوەو لەکاتی دەستبەسەر کرانیانەوە هەتا ئیستا چارەنووسیان بەناڕوونی ماوەتەوە.

دەوترێ کە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردی یارسانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەلام بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، تەنیا ناوی ئەو چوار دەستبەسەر کراوە ئاشکرا بووە.

ناڕوونیی چارەنووسی چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی ئوستانی خۆراسان

\"مەهدی جەعفەر زادە\" کوڕی جەعفەر و خەڵکی شاری دەرەگەز لە ئوستانی خۆراسان یەک حەفتە پاش ئەوەی رێکەوتی ١٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە سپاردنی بارمتەیەکی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، سەرلەنوێ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە.

هەتا ئێستاش سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی جەعفەرزادە لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هیچ هەواڵێکیان پێ رانەگەیاندوون.

مەهدی جەعفەری تەمەن ٣٠ ساڵ و دانێشتووی شاری دەرەگەز رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی \"مەشهەد\"دا راگیرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو چالاکە فەرهەنگییەیان بە هۆی چالاکبوون لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و هەروەها دۆستایەتی لەگەڵ چالاکانی کوردی ئوستانە کوردنشینەکانی رۆژئاوای ئێران دەستبەسەر کردبوو.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٧٦ هاوولاتیی کورد لەلایەن هیزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

\"15825.jpg\"


تاوتوێ کردنی دادگایی کردنی هاووڵاتییانی کورد لەحەفتەی رابردوودا:

\"15826.jpg\"
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی رەزبەر ٥ چالاکی خوێندکاری بەناوەکانی \"محەممەد کۆنەپۆشی، سۆران دانیشوەر، خالید ئەحمەدی، سامان مەحموودی و دادود قەسیمی\" لە شاری مەریوان دادگایی کران.

بە وتەی یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی شاری مەریوان؛ دادگای ئینقلاب سەرجەم ئەو ٥ چالاکەی بە تۆمەتەکانی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتیی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" دادگایی کردووە.

ئەو پێنج چالاکە خوێندکارییە رێکەوتی ١٠ی مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و پاش یەک مانگ راگیران لە ئیتلاعات، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

لەلایەکی دیکەوە چالاکێکی کرێکاری بەناوی \"موزەفەر ساڵح نیا\" سەرەرای ئەوەی کە پێشتر بە ٦ مانگ زیندانی مەحکووم کرابوو، سەرلەنوێ بانگهێشتی دادگا کرایەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەسەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٢ چالاکی کورد بانگهێشتی دادگا و ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کراون.

\"15827.jpg\"


لە حەفتەی رابردوودا ١٤ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە:

ئیدارەی ئیتلاعات، رێکخراوی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێزە ئینتزامییەکان و دەزگای قەزایی، ئەو ناوەندە حکوومەتییانە بوون کە دەستیان لە ١٤ حاڵەت پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییاندا بووە.

\"15828.jpg\"


\"15829.jpg\"


سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا (٦ حاڵەت)
ئاسۆ نیوز (١ حاڵەت)

\"15830.jpg\"