روانگەی حەفتە: ٨ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە حەفتەی یەکەمی مانگی رەزبەردا

21:13 - 7 رەزبەر 2713
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر زەق کردنەوەی هەرچی زیاتری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەرهەق بە هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردییەکانی ئێران حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"روانگەی حەفتە\"دا بڵاو دەکاتەوە.

لە حەفتەی یەکەمی مانگی رەزبەری سالی ١٣٩٢ی هەتاویدا راپۆرتی حەفتانەی \"روانگەی حەفتە\"ی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٨٨ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤی وەک: \" تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان لەهاوولاتیەکی کورد، ٥ حاڵەت دۆخی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ٣ حاڵەت دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کورد نشینەکانی ئێران لەخۆ دەگرێت.

\"15717.jpg\"


تاوتوێ کردنی ئەو هەواڵانەی کە لە حەفتەی رابردوودا هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە بە گومانی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ تەقەیان لە هاووڵاتییان کردووە:

\"15719.jpg\"
رێکەوتی ٣ی رەزبەر هاووڵاتییەکی کورد بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە بریندار کرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٩٨ رۆژی رابردوودا ٤٥ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوژراو و بریندار بوون.

\"15718.jpg\"


تاوتوێ کردنی بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لەحەفتەی رابردوودا:

لە چەند رۆژی رابردوودا چالاکێکی سیاسیی بە ناوی ناسر بێهجەتی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی ١٨ مانگ زیندان، رەوانەی گرتووخانەی ناوەندی مەهاباد کراوە.

ناسر بێهجەتی خەڵکی شاری مەهابادەو لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٠دا هاوڕێ‌لەگەڵ ١٩ هاووڵاتیی دیکەی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر سەرجەمیان بە ٦٧ ساڵ زیندان حوکم دران.

لەلایەکی دیکەوە عەدنان رەشیدی زیندانیی سیاسیی کورد بەهۆی تێکچوونی باری تەندرووستییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرایەوە.

عەدنان رەشیدی لە رەشەمەی ساڵی ١٣٨٤ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆماوەی ٤ مانگ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیرابوو، کە دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بەبێ هەبوونی پارێزەر، بە ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئوستانەکانی خووزستان و یەزد مەحکوم کرا.

لەدرێژەدا:

ئازاد ئۆتمانی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی \"دشوان\"ی سەربە شاری سەڵماس لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە تۆمەتی ئاودیو کردنی پەنابەرانی ئێرانی، ئەفغانی و پاکستانی لە خاڵی سنووریی نێوان ئێران و تورکیە کە کوژرانی چەند کەس لەو پەنابەرانەی بە دەستی هێزە ئینتزامییەکان لێکەوتەوە، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

حەبیب ئۆتمانی کوڕی جەعفەر و ئازاد ئۆتمانی کوڕی ئەفرووز ، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی \"دشوان\"ی سەربە شاری سەڵماس، لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا لەلایەن هێـزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

هەروەها دەوترێ کە ئازاد ئۆتمانی کە لە زیندانی شاری ورمێ راگیراوە، پاش ئەوەی لە رۆژانی حەفتەی رابردوودا حوکمی ئێعدامی ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پشت ڕاست کرایەوە، مەترسیی ئیعدام کردنی ئەو زیندانییە کوردە زیاتر بووە.

هاوکات حەبیب ئۆتمانی تەمەن ٢٨ ساڵ و کوڕی جەعفەر لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و هەتا ئێستاش چارەنووسی ناوبراو لە زیندانی شاری ورمێ بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لە رۆژانی حەفتەی رابردوو دوو کەس لە زیندانیانی کوردی سوننی مەزهەب بەناوەکانی \"حامید ئەحمەدی و سەدیق محەممەدی\" کە بە ئێعدام مەحکووم کراون، لە بەندی زیندانی قێزلحەسارەوە بۆ ژووری تاکە کەسیی ئەو زیدنانە راگوێزران.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٩٨ رۆژی رابردوودا ٣٥ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ قەرەنتینە و زیندانەکانی دیکە راگوێزراون و ١٤ زیندانیی سیاسیش دەستیان داوەتە مانگرتن.

\"15720.jpg\"


دەستەبسەر کردنی هاووڵاتییان لەحەفتەی رابردوودا:

سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣ی مانگی رەزبەر ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور باوکی سێ چالاکی سیاسیی کورد، خەلکی شاری سەردەشت، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

بەوتەی کەسیکی نزیک لە بنەماڵەی \"ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور\" لە کاتێکدا دەستبەسەر کراوە، کە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر بووە.

ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور باوکی سێ چالاکی سیاسیی کورد بەناوەکانی \"خەبات خەلیل و ئەمیر ئیبراهیم‌پوور\"ـە، کە پێشتریش چەندین جار دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کراوە.

دەوترێ کە هێزە ئیتلاعاتییەکان بە دەیان جار هەڕەشەیان لە ئەحمەد ئیبراهیم‌پوور کردووە کە پێش بە چالاکیی کوڕەکانی بگرێت.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٩٨ رۆژی رابردوودا ٢٦٤ هاووڵاتیی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا دەستبەسەر کراون.

دەست تێدا هەبوونی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ٨ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مردۆڤدا:

ئیدارەی ئیتلاعات رێکخراوی زیندانەکانی ئێران، هێزە ئینتزامییەکان و دەزگای قەزایی ئەو ناوەند و ریکخراوە حکوومەتییانە بوون کە دەستیان لە ٨ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا هەبووە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا (٣ حاڵەت)
ماڵپەڕی کوردستان میدیا (١ حاڵەت)
هەواڵدەریی هێرانا (١ حاڵەت)
ئاسۆ نیوز (١ حاڵەت)