راپۆرتێک لەسەر شانۆی سەرشەقامی مەریوان

14:17 - 8 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: شانۆی سەرشەقامی مەریوان بەهۆی ئاستەنگی ناوەندە حکوومەتییەکان، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا چالاکییەکانی بە نیسبەت ساڵانی پێشوو کەم بۆتەوە.

شانۆی سەر شەقام لەئێران و بەتایبەت لەشاری مەریوان پێشینەیەکی لەمێژینەی هەیە و شانۆکاران بەنمایش کردنی هونەرەکانی خۆیان کولتور و داب و نەریتی کوردەوارییان بە گەلانی دیکەی ئێران و بگرە جیهانیش ناساندووە.

لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا شانۆی سەرشەقامی مەریوان لەزۆربەی فێستیڤاڵە ناوچەیی و سەراسەرییەکانی ئێراندا جێ پەنجەی دیار و بەرچاو بووە و بەشداریی ساڵانەی گرووپە هونەرەکانی وڵاتانی‌تر لەو شانۆیەدا دەرخەری ئەو راستیەن.

\"15731.jpg\"
یەکێک لەو گرووپە چالاکانەی شاری مەریوان کە لەبواری نواندنی شانۆی سەرشەقامدا بەردەوام کاری کردووە \"گرووپی ئەهورا\" بووە و لەچەندین شار و ئاواییەکانی کوردستان و ئێران شانۆییان بەڕێوە بردووە.

گرووپی شانۆکاران لەهەر وڵاتێکدا پێویستە لەلایەن ئەو حکوومەتەی کە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە پشتیوانی مەعنەوی و مادی بکرێت و ئیمکانات و کەلوپەلی پێویستیان بۆ ئەو کارە دابین بکەن.

چالاکانی فەرهەنگی لەو باوەڕەدان، لەحکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا سەرەڕای ئەوەی‌کە بەشێوەیەکی توکمە و گشتگیر یارمەتیی هونەر نادرێت، بەڵکوو زۆر جاریش کەند و کوسپ لەسەر رێگای هونەرمەندان و سینەماکاران دروست دەکرێت.

بۆ ئەو مەبەستە دەکرێ ئاماژە بە داخرانی \"خانە سینما\" لەشاری تاران بکەین کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانەوە بە بنکەی \"فساد\" لەقەڵەم درابوو.

لەپێوەندیی کۆسپەکانی سەر رێگای شانۆی سەرشەقامی مەریوانیش دەتوانین ئاماژە بە لێداوانەکانی فەرماندەی \"سپاە بیت المقدس\" لەئوستانی کوردستان بکەین کە بێ‌ڕێزی بە کاری فەرهەنگی – هونەری کردبوو.

رەجەبی فەرماندەی \" سپاە بیت المقدس\"‌ی ئوستانی کوردستان وتبووی: کاری فەرهەنگی ـ هونەریی لەشاری مەریوان شتێکی بێ‌نرخە و شانۆی سەرشەقامیشی بە \"مبتذل\" لەقەڵەم دابوو.

\"15732.jpg\"
ماڵپەڕی زمانحاڵی ئەو ناوەندە نیزامیی ـ ئەمنیەتییە لەزاری رەجەبیەوە بڵاوی کردبۆوە، \"ئەرکە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت شاری مەریوان خۆ پاراستن لە کەش و هەوای \"تێکدەرانە و ئاژاوەچییانە\"‌یە.

هەر بۆیە بەپێی ئەو کەندو کوسپانە و دەیان حاڵەتی دیکەش، شانۆی سەرشەقامی مەریوان کە سەردەمانێک ببووە ماڵی بەشێکی زۆر لە شانۆکارانی جیهان و هەموو ساڵێک لەفێستیڤاڵەکاندا وەکوو چەترێک هەموویانی لەژێر خۆیدا کۆ دەکردەوە، ئەمڕۆکە بەرەو ئاقارێک رۆیشتووە کە زۆر بە ئەستەم دەتوانێ میوان بانگهێشت بکات.

بڕیارە هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان لەرێکەوتی ٩‌ی رەزبەرەوە دەست پێ‌بکات و لەو پێوەندییەدا دەبیرخانەی ئەو فێستیڤاڵە رایگەیاندووە، ئەمساڵ تەنیا چەند گرووپێک لە تورکیە و هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام بانگهێشت کراون.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ساڵانی پێشوو بەدەیان گرووپی شانۆی سەر شەقام لەوڵاتانی جۆراوجۆرەوە بەشدارییان لەفێستیڤاڵەکانی شاری مەریواندا دەکرد.

لەو پێوەندییەدا چالاکانی فەرهەنگی و هونەری رایان وایە، دەبیرخانەی هەشتەمین فێستیڤاڵ بە هۆی باری خرابی ئابووری و بەربەستەکانی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ئێران نەیانتوانیوە وەکوو ساڵانی پێشوو میوان بانگهێشت بکەن.