راپۆرت / لەماوەی ٣ رۆژدا ١٨ هاووڵاتی لە وڵاتی ئێران ئێعدام کران

16:13 - 21 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی ئێعدام کردنی هاووڵاتیان لەئێران، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەماوەی ٣ رۆژدا ١٨ هاووڵاتیی ئیعدام کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی رۆژانی ١٦، ١٨ و ١٩ی بانەمەڕدا ١٨ هاووڵاتی لە وڵاتی ئێران بەتاوانی جۆراوجۆر بەبڕیاری دەزگای قەزای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئێعدام کران.

رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ ٣ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئوستانی کرماشانی بەناوەکانی \" \"١- م \"، \"- م. پ\" و \" ج. ا \" لە مەیدانی ئازادیی ئەو شارە و لەبەر چاوی گشتیی خەڵک، لە سێدارە دران.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان، تاوانی ئەو ٣ کەسەی، کوشتنی ئەنقەست (قتل عمد) رایگەیاندبوو.

لەلایەکی دیکەوە سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٨ی بانەمەڕ حوکمی ئێعدامی ١١ کەس لە زیندانیانی زیندانی قزلحەساری کەرەج بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە نێو ئەو زیندانەدا بەڕێوەچوو.

ناوی چەند کەس لەو ئێعدام کراوانە \"عەباس بێ ‌پەروا، ئەبولفەزل کوردە، مەیسەم، عادل و ئەمیر هاشمی و حەمید هاشمی راگەیەندراوە.

هەروەها رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ ٤ کەس لە زیندانەکانی سیمنان و شاهروود بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لە سێدارە دران.

یەکێک لەو هاووڵاتییانە بەناوی \"هـ ، خ \"خەڵکی شاری سەوزەوار بەتاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"گەرمسار\"ەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو و حوکمی ناوبراو لە زیندانی شاری سیمنان بەڕێوەچوو.

ئەو ٣ کەسەی دیکە بەناوەکانی \"ا - س\" خەڵکی نەریمان، \"م - خ\" خەڵکی سەوزەوار و \"ح - ر \" خەڵکی دامغان لەلایەن دادگای شاری \"شاهروود\"ەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون کە رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕ حوکمەکەیان لە زیندانی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، تەنیا لە ماوەی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ٢٦ کەس لە وڵاتی ئێران ئێعدام کراون و ٤ کەسی دیکەش بە ئێعدام مەحکووم کراون.

هەروەها بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی ئێعدام کراوان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بەبەراورد لەگەڵ مانگی خاکەلێوەی ساڵی رابردوو، ٩ کەس زیادی کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کران و هەروەها ٢١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئیعدامیان بۆ بڕاوەتەوە کە ٩ کەسیان بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە بە سێدارە مەحکووم کراون.

پێشتریش رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٢ی زایینیدا ٥٨٠ هاووڵاتیی ئێرانی کە ٩ کەسیان ژن بوون، ئیعدام کراون و زیاتر ٦٠%ی ئەو ئیعدامانە لە شوێنە گشتییەکان و لەبەرچاوی هاووڵاتیان بەڕێوەچوون.