دەمیرتاش: ئەردۆغان بڕیاری بۆردومانی هاووڵاتییانی شرناخی دەركردووە

14:48 - 7 رێبەندان 2711
كوردپا: سەرۆكی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی رایگەیاند، فەرمانی هێرش و بۆردومانی گوندی رۆبۆسكی لە لایەن سەرۆك وەزیری توركیەوە دەركراوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیری حكوومەتی ئانكارای بە بەرپرسیاری سەرەكیی بۆردومانی هاووڵاتییانی كوردی شرناخ تاوانبار كرد.

دەمیرتاش لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی \"رادیكاڵ\"ی توركییەی وتووە، كە دەزگا ئەمنیەتییەكانی توركیە هەواڵی دزە كردنی 50 كەس لە گریلاكانی پەكەكەیان بە سەرۆك وەزیر داوە و ئەویش بڕیاری بۆردومان كردنیانی دەركردووە.

دەمیرتاش وێڕای رەخنەی توند لە دەوڵەتی توركیە وتیشی: هەتا ئێستا یەك مانگ زیاتر بەسەر ئەو كارەساتەدا تێپەڕیوە، بەڵام حكوومەتی توركیە لە دانی زانیاریی درووست لە چۆنیەتیی رووداوەكە خۆی دەبوێرێ‌.

ئەو لێپرسراوەی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی ئەوەشی خستە روو:\"ئەردۆغان، ساركۆزی بە دژایەتی لەگەڵ ئازادیی رادەربڕین تاوانبار دەكات، من پرسیار لە ئێوە دەكەم لە بواری ئازادیی رادەربڕیندا چ هەڵسووكەوتێكی باشتان هەیە.\"

رێكەوتی 8ی بەفرانبار لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەرتشی توركیە بۆ سەر هاووڵاتیانی گوندی رۆبۆسكی لە ناوچەی شرناخی توركیە 35 كەس گیانیان لە دەست دا.