كوردپا: ئیدارەی گشتیی میراس فەرهەنگی، پیشە دەستی و گەشتیارییەكانی پارێزگای كوردستان رایگەیاندووە، كە خەڵكی بەخشی "هەورامان تەخت" و دەورووبەری خۆیان بۆ بەڕێوە بردنی جێژنی ئایینی - كەونارایی پیرشالیار ئامادە دەكەن كە بڕیارە رۆژانی 11 و 12 رێبەندان بەڕێوە بچێت.

ئەمیر ئیلاهی بە ئاماژە بە رێوڕسمی جێژنی مەعنەویی پیرشالیار كە هەر ساڵە 45 رۆژ پاش دەسپێكی زستان لە هەورامان تەخت بەڕێوە دەچێت، وتی: بە مەبەستی هەرچی باشتر بەڕێوە چوونی ئەو رێوڕسمە ئیدارە پێوەندیدارەكان پێكەوە هاوكاری دەكەن و لە پەراوێزی رێوڕسمی ئەمساڵدا پیشانگای بەرهەمە دەستی، پیشەیی و نەریتییەكانی ناوچەی هەورامان بۆ بینینی میوانەكان دەكرێتەوە.

یەكێكی تر لە كار و چالاكییەكانی ئۆرگانە پێوەندیدارەكان و خەڵكی هۆگر بە ساڵڕۆژی زەماوەندی پیرشالیار، چاپی برۆشۆر، پۆستێر و كارتی پۆستال، ژوور و شوێن گرتن لە هۆتیل و ماڵە كرێیەكان بۆ میوانەكان، بڵاو كردنەوەی زانیاری لەباری چۆنیەتیی بەڕێوە چوونی رێوڕسمەكە لەسەر ئینتێرنێت و خزمەتگوزارییە گشتییەكانە.

رێوڕسمی جێژنی زەماوەندی پیرشالیار هەر ساڵە لە دوایین شەوی سێشەممەی نیوەی مانگی رێبەندان و بە ئامادە بوونی خەڵكی ناوچە، گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی لە بەخشی "هەورامان تەخت"ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە پارێزگای كوردستان بەڕێوە دەچێت.

لە ماوەی ئەو سێ‌ رۆژەدا كە ئەو رێوڕسمە بەڕێوە دەچێت، نەریت و دابە مەزهەبییەكانی "كڵاو رۆچنە، قوربانی كردنی مەڕ و بزن، لێنانی چێشتی تشین، دەف ژەنی و سەمای عیرفانی و تەواف كردنی كەوشی چەرمیی پیر شالیار" لەناو بەشدار بوان بەڕێوە دەچێت.

هەروەها رۆژی 15ی بانەمەڕی هەموو ساڵێك رێوڕسمێكی دیكە بەناوی "كۆمسای" لەسەر زیارەتگە و گڵكۆی پیرشالیار بەڕێوە دەچێت.

پیرشالیار كوڕی "جاماسب" یەكێك لە موغەكانی ئایینی زەردەشت بووە كە خاوەنی كەرماتی زۆر بۆ وێنە شەفا بەخشینی نەخۆشان بووە.