دەستبەسەر کرانی چوار هاووڵاتیی کورد لەشارەکانی مەریوان و دێولان

13:50 - 8 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی رۆژانی رابردوودا چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی مەریوان و دێولان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار رۆژ پێش ئێستا هاووڵاتییەک بەناوی \"سەلاح ئێرانخا\" لەلایەن هیزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی \"سەلاح ئێرانخا\"دا، ماڵی ناوبراویشیان پشکنیوە.

ئەو هاووڵاتیە کوردەی دانیشتووی گەڕەکی \"کۆنەدێو\"ی شاری مەریوان، باوکی سێ منداڵە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووس و شوێنی راگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.

لەلایەکی دیکەوە سێ رۆژ پێش ئێستا، سێ هاووڵاتی کوردی خەڵکی شاری دێولان بە ناوەکانی \"فەرزاد ئەسلانی، مەسعوود رەحیمی و جەبار رەحیمی\" لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هەتا ئێستا بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگادار بوون لە چارەنووسی رۆڵەکانیان چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان لەو شارە کردووە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە هیچ جۆرە زانیارییەکیان لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی راگیرانی ئەو سێ کەسە، پێ رانەگەیەندراوە.