دوو هاووڵاتی لە شنۆ و سەقز دەسبەسەر کران

12:23 - 30 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەسەن قودرەتی"، تەمەن ٤٥ ساڵ، کوڕی حاجی خزر و دانیشتووی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و پاشان ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە، بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ڕاگواستووە.

حەسەن قودرەتی، خێزاندار و خاوەن پێنج منداڵە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانان، هاووڵاتییەک بە ناوی "غەریب شەریفزادە"، خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانی، ناوبراویان داوەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە.

غەریب شەریفزادە، هەروەها ساڵی ٩٦ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی سەقز تێپەڕاندبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەو، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

وێنە: غەریب شەریفزادە و حەسەن قودرەتی