دادگایی کرانی ٥ چالاکی خوێندکاریی کورد لە مەریوان

15:28 - 9 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ٥ چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری مەریوانەوە دادگایی کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژاسنی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٨ی رەزبەر ٥ چالاکی خوێندکاری بەناوەکانی \"محەممەد کۆنەپۆشی، سۆران دانیشوەر، خالید ئەحمەدی، سامان مەحموودی و دادود قەسیمی\" لە شاری مەریوان دادگایی کران.

\"15739.jpg\"
٥ چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن دادگای \"ئینقلاب\"‌ی شاری مەریوانەوە دادگایی کران.
یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی کوردی شاری مەریوان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ دادگای ئینقلابی شاری مەریوان سەرجەم ئەو ٥ چالاکەی بە تۆمەتەکانی \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و ئەندامەتیی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" دادگایی کردووە.

ئەو چالاکە خوێندکارییە باسی لەوەش کرد، هەرکام لەو ٥ چالاکە لەماوەی کەمتر لە ١٠ خولەکدا دادگایی کران و بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا، حوکمی دادگایان پێ رابگەیەندرێت.

ئەو پێنج چالاکە خوێندکارییە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو لەلایەن ‌هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کران.

رێکەوتی ١٠ی رێبەندان \"داود قەسیمی\" کوڕی قادر خوێندکاری کارناسیی رشتەی کۆمەڵناسیی زانستگەی ئازادی تاران، \"سامان مەحموودی\" کوڕی حوسێن خوێندکاری کارناسیی باڵای زانستگەی ورمێ، \"سۆران دانیشوەر\" خوێندکاری رشتەی شارسازیی زانستگەی کوردستان، \"محەممەد کۆنەپۆشی\" کوڕی عەلی و خوێندکاری زانستگەی ورمێ و خالید ئه‌حمه‌دی\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش یەک مانگ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، بەشێوەی کاتی ئازاد کران.