داخرانی ناوەندێکی پەروەردەی زمانی کوردی لەشاری شنۆ

15:32 - 14 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی داخرانی ناوەندە فەرهەنگییەکاندا، کانوونی فەرهەنگی ـ هونەریی فەخری رازی لەشاری شنۆ بەبڕیاری \"شۆرای تەئمین\"ی ئەو شارە بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەرۆژانی حەفتەی رابردوودا ناوەندی فێرکاریی فەخری رازی سەربە ناوەندی فێرکاریی سۆما، کە ناوەندێکی پەروەردەی زمانی کوردی لە گەڕەکی سەیداوێی شاری شنۆ بوو. داخرا.

ناوەندی فێرکاریی فەخری رازیی ماوەی ١ ساڵ و ٦ مانگە لە شاری شنۆ چالاکی نواندووە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٥٠ کەسی فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی کردووە.

بەرپرسانی شۆرای تەئمین ئەو ناوەندە فێرکارییەیان، کە بە یەکێک لە چالاکترین ناوەندە فەرهەنگییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دادەندرێت، بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت داخستووە، ئەوەش لە کاتێک دایە کە ناوەندی رازی، لە چوارچێوەی \"ناوەندی سۆما\" کە ناوەندیکی یاسایی و رێگەپێدراوە چالاکی هەبووە.

ناوەندی سۆما ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی وەک دامەزراوەیەکی ناحکوومەتی لەشاری مەهاباد دامەزراو جیا لەوەی كە ناوەندەكەی لە شاری مەهاباد بوو، توانی لە شارەكانی بۆكان، سەردەشت پیرانشار، بانە، سەقز، قوروە، سنە، شنۆ و چەندین شارۆچكە و گوند لق و شاخە بكاتەوە و لەو ماوەیەدا سەدان خوێندەوار و قوتابیی كوردیان فێری زمانی كوردی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە فێرگەی زمانی کوردی لەشاری ئیلام لەکاتێکدا مۆڵەتی فەرمیی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی وەرگرتبوو، پاش حەفتەیەک چالاکی، بەبڕیاری ناوەندە ئەمنیەکان بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

پێشتریش لەرێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، ئەنیستیتۆی فەرهەنگی هونەریی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە شاری ورمێ، لەسەر داوای ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد و لەلایەن مەئموورانی ئەماکنی ئەو شارەوە پێش بە چالاکییەکانی گیرا و بە یەکجاری داخرا.