ئاژانسی کوردپا: بوونی دوو کارگەی "پاشماوە و پیسایی مریشک ( کود مرغ)" لەنزیک دوو ئاوایی سەر بە شاری بۆکان، ئەگەری بڵاو کردنەوەی چەندین جۆر نەخۆشی پێستی‌یان لێدەکرێ‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەند ساڵ لەمەوبەر لەنزیک ئاواییەکانی تورکمانکەندی و قەڵایچی دوو کارخانەی پاشماوەی مریشک دروست کرا و دوای دەستبەکاربوونی ئەو کارخانەیە، دانیشتوانی ئەو دوو ئاواییە و ناوچەکانی دەورووبەر بە هۆی بۆنی پیس و تووندی پیسایی مریشک ژیانیان لێ‌تێک چووە.

پاشماوە و پیسایی ئاژەڵ بەتایبەت پاشماوەی مریشک سەرچاووەی سەرەکیی نەخۆشی و میکرۆبەکانن و لەزانستی پزیشکیدا بە هۆکارێکی سەرەکیی پیس کردنی ژینگە و ئاوە ژێر زەوییەکان دێنە ئەژمار.

بە وتەی دانیشتوانی ئەو دوو ئاواییە، خەڵکەکە بۆ ئەو مەبەستە چەندین جار واژۆیان کۆکردۆتەوە و سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەکان بەتایبەت ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوایان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان پێ‌نەدوانەتەوە.

زانستی پزیشکی لەو بارەیەوە دەڵێ، پاشماوەی ئاژەڵ و مریشک بە خێرایەکی زۆرەوە لەگەڵ ئاو و گژ و گیا تێکەڵ دەبێت و کاریگەری ئەو پاشماوانە بۆ سەر ژینگە و مرۆڤەکان ١٨ قات لە زێرابەکان زیاترە.

لەو بارەیەوە ماوەیەک لەمەوبەریش سایتی "بوکان پرس" بڵاوی کردبۆوە، بەشێکی بەرچاو لە "کوودی تیوور" بەشێوەی مادەی "ئامۆنیاک"‌ی لێدێت و لەگەڵ هەوا تێکەڵ دەبێت و ئەوەش مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشی پێستی لێدەکرێت.

ئەو دوو کارخانەیە وێڕای چەندین جار گلەیی و سکاڵەی هاووڵاتییانی ناوچەی بۆکان سەرقاڵی کار کردنن و ناوەندەکانی ژینگەپارێزی حکوومەتی ئێرانیش لەو پێوەندییەدا بێدەنگیان هەڵبژاردووە.