خەڵکی شاری سەردەشت لەمەڕ مەحکوومکردنی دەسدرێژی بۆ سەر ژنان ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:00 - 4 رەزبەر 2721

ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەر، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە شاری سەردەشت، پاش بانگەوازێک، لەمەڕ دەسدرێژی بۆ سەر ژنانی ئەو شارە، لە فەلەکەی "سەرچاوە"ی شاری سەردەشت، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەرێوەبرد.

ئەو چالاکانە لەو بانگەوازەیاندا، ڕایانگەیاندووە: "هەموومان پێکەوە، بێدەنگ نابین". ئێمە هاووڵاتییانی سەردەشتی، لە هەر کەس و چین وسێنفێکی کۆمەڵگا، لە کۆمەڵگایەکی ئاشتیخوازانە، لە ڕاستای بەرەنگابوونەوەی هەر جۆرە دەسدرێژییەک و گەڕانەوەی ئەمنییەت و سەقامگیری و مەحکوومکردنی هەرجۆرە دەسدرێژییەک، دەنگمان بەرز و داوای سزای تاوانباران دەکەین و شەرەفمەندانە دادکۆکی لە شار، کۆمەڵگا و کەرامەتی مرۆیی دەکەین".

ڕۆژی ڕابردوو، دادستانی شاری سەردەشت، وەلی خوداکەرەمی ڕایگەیاندبوو: "ئەو کەسانەی کە بیانهەوێ کەشی گشتی و ئەمنییەتیی شاری سەردەشت، لە ڕێگای فەزای مەجازی و کۆبوونەوە نایاساییەکان تێکبدەن، هوشداریان پێدەدەین، کە ئاگایان لەوە بێت لە بەرەی دوژمندا یاری نەکەن و هەموو دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی و نیزامی و ئینتزامییەکان، دەبێت ئەو پرسە چاوەدێری بکەن".

هەروەها سەرچاوەیەک لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپادا وتوویەتی کاتێک ویستوویانە تێکەڵ بە ئەو کۆبوونەوەیە ببن، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەوانیان بردووەتە ناو کۆڵانەکان و هەرەشەی دەسبەسەر کردنیان لێکردوون و بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەیەدا پێشیان پێ گرتوون".

لەو کۆبوونەوە هێمنانەدا، ئەو چالاکانە، وێڕای مەحکوومکردنی لێبڕاوانەی ئەو ڕێگریکردنەی باندە ناسراوەکان، خوازیاری سزادانی تاوانبارانی ئەو جینایەت و دەسدرێژیە بوون.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاشکراکردنی بەربڵاوی دەسدرێژی و هێرش بۆ سەر ژنان لە سەردەشت، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدواوە بوو، ئەمە بوو بە هۆی ئەوەیکە هێرش بکرێتە سەر بنەماڵەی ژنە چالاکێکی سەردەشتی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە و لەمەڕ ئەو کردەوەیە دژکردەوەی نیشان دابوو.