خۆ بواردن لە چارەسەر کردنی نەخۆشیی زیندانیانی کورد

21:19 - 23 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە چارەسەر کردنی نەخۆشیی زیندانییەکی بەساڵاچووی کورد خۆ دەبوێرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، ماوەی چەندین مانگە \"نامیق مەحموودی\" کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگیراوە، تووشی ئازاری چاو هاتووە و هاوکات بەرپرسانی ئەو زیندانەش دانی مەرەخەسی و رەوانە کردن بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان، خۆ دەبوێرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕ نامیق مەحموودی بە مەبەستی نەشتەرگەری رەوانەی دەرەوەی زیندان بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان رێگرییان لە چوونی ناوبراو کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، رێگری کردن لە نامێق مەحموودی لە حاڵێکدایە کە سەرجەم تێچووی نەشتەرگەرییەکەی لە ئەستۆی خۆی دەبێت و سەرەڕای ئەوەی کە دادستانی شاری کەرەج بڕیاری دابوو کە ناوبراو رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، بەرپرسانی زیندان رێگرییان لە چوونی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە کردووە.

نامێق مەحموودی تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکیت گوندی ئێرانشای سەربە شاری سەقز هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی و کەسێکی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە لە ساڵی ١٣٩١دا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران، هەتا ئیستاش سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١ ساڵ، پەروەندەی ناوبراو بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، زەینەب جەلالیان کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە تووشی ئازاری چاو هاتووە، لەلایەن بەرپرسانی زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشانەوە لە هەموو جۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی بێبەری کراوە و رێگریشیان لە ناردنی ئەو ژنە زیندانییە کوردە بۆ دەرەوەی زیندان کردووە.

هەروەها بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو ژنە زیندانییە بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی بەمەبەستی چارەسەر کردنی نەخۆشیی رۆڵەکەیان، هیچ ئاکامێکی نەبووە.