خوێندن لەقوتابخانەکانی ئوستانی کرماشان بە هۆی بوومەلەرزەوە راگیرا

14:46 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: قوتابخانەی شارستانەکانی رۆژئاوای ئوستانی کرماشان دوای دوو جار روودانی بوومەلەرزە لەماوەیەکی کورتدا، تەعتیل کران.

ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٤ی سەرماوەز بەپێی بڕیاری ئیدارەی پەروەردەی ئوستانی کرماشان، خوێندن لەقوتابخانەکانی قەسری شیرین، سەرپێڵ زەهاو و گیلانغەرب راگیرا و فەرمانداری شارستانی قەسری شیرین هۆکاری داخرانی ئەو قوتابخانانەی بۆ هەڵدانی خێوەت لەنێو حەوشەی قوتابخانەکان و هەروەها مەترسیی روودانی بوومەلەرزەی دیکە، گەڕاندۆتەوە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردۆتەوە، هەتا ئێستا ٣٠٠ خێوەت لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئوستانی کرماشان هەڵدراوە و هەروەها باسیش لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی دیکە کراوە.

شەوی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی سەرماوەز، دوو بوومەلەرزە شارستانی قەسری شیرین و هێندێ‌ناوچەی دیکەی رۆژئاوای ئوستانی کرماشانی لەرزاندۆتەوە.

سەرچاوە ناوچەییەکان باسیان لەوەش کردووە کە بوومەلەرزە شاری \"سەردەشت\"‌یشی گرتۆتەوە و بەرەبەیانی ٤ی سەرماوەز بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٢,٤ پلە بەپێوەری ریشتێر ئەو شارستانەی گرتۆتەوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەک لەخەساری گیانی و ماڵیی ئەو بوومەلەرزەیە رانەگەیەندراوە.

دانیشتوانی ئەو ناوچانەی ئوستانی کرماشان کە بوومەلەرزە تێیدا رووی داوە ماوەی دوو شەوە لەسەر شەقام و نێو پارکەکان رۆژ دەکەنەوە.

هەر لەو پیوەندییەدا بوومەلەرزە لە ناوچەکانی \"گەرمیان و خانەقین\"‌‌ی هەرێمی کوردستانیش رووی داوە و بەو هۆیەوە سەرجەم ئیدارەکان لە گەرمیان رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤‌ی سەرماوەز تەعتیل کراون.

پێشتریش هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا رایگەیاندبوو، لە بەرەبەیانیی رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی سەرماوەز بەم لاوە، ناوچە سنوورییەکانی کرماشان و ئیلام لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەرەوڕووی چەندین حاڵەتی بوومەلەرزە بوونەتەوە.

گەورەترین بوومەلەرزە بە گوژمی ٥ هەتا ٦ پلە بە پێوەری ریشتێر لە شارەکانی قەسری شیرین، گیلانغەرب، ئەیوان، سەرپێڵ زەهاو و ئیلام رووی داوە.