خوێندكارێكی كورد پاش چوار مانگ گیران هەر لە زیندان دایە

13:12 - 25 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارێكی كوردی خەڵكی دەورووبەری شاری پاوە كە چوار مانگ لەمەوپێش دەستبەسەر كراوە هەر لە زیندان دایە و بۆ ئازاد كرانی كاتیی داوای 200 میلیۆن وەسیقەی لێدەكەن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مەعاز حەكیمی خوێندكاری كوردی خەڵكی گوندی \"شەڕەكان\"ی سەر بە بەخشی نەوسوود لە شاری پاوە كە رێكەوتی 25ی گەلاوێژ لەلایەن هێزە ئەمنیتییەكانەوە لە شارای تاران دەستبەسەر كراوە، هەتا ئێستا لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان راگیراوە و دەزگای قەزایی حكوومەت بۆ ئازاد كرانی كاتیی داوای 200 میلیۆن تمەن وەسیقەی لێدەكەن.

مەعاز حەكیمی خوێندكاری كارناسیی باڵای رشتەی ئیلاهیاتی زانكۆی مەزهەبە ئیسلامییەكانی تارانە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوشی ناوبراو پێشتر بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندبوو كە كۆتاییەكانی مانگی رەزبەری ئەمساڵ مەعاز حەكیمی لە گرتنگەی تارانەوە بۆ زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی كرماشان راگوێزرا، بەڵام وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەكەی, ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكان هیچ هەواڵێان لەمەڕ چەارەرنووسی پێنەدابوون.

ئەو خوێندكارە كوردە لە كۆبوونەوە دینی و مشتومڕە ئایینییەكاندا بەشداریی كردووە و گومانی ئەوە دەكرێت هۆی دەستبەسەر كرانی هەر لەم پێوەندییەدا بێت.