خوکوژی ژنێک و سەربازێک لە شاری شنۆ

14:10 - 9 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: رێژەی خۆکوژیی هاووڵاتییان لە شاری شنۆ رووی لەزیاد بوون کردووە و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژنێک و سەربازێک لەو شارە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا ژنێکی کورد بەناوی \"خەدیجە محەممەدئەمینی\" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ بەهۆیەکی نادیار کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکار و چۆنیەتیی خۆکوشتنی ئەو ژنە کوردەی خەڵکی شاری شنۆ نەزانراوە.

لەلایەکی دیکەوە چەند رۆژ پێش ئێستا سەربازێکی ‌هێزی ئینتزامیی پاسگای گوندی \"نەڵۆس\"ی سەربە شاری شنۆ بە زەبری چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ناسنامە و هەروەها هۆکاری خۆکوژیی ئەو سەربازەی پاسگای ئینتزامیی گوندی نەڵۆس بۆ میدیاکانی هەواڵ روون نەبۆتەوە.

لەمبارەیەوە ناوەندە حکوومەتییەکان بە ماڵپەڕە ناوچەییەکانیان راگەیاندووە کە لە رووماڵ کردنی هەواڵی خۆکوژیی هاووڵاتییان خۆ ببوێرن.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە بە وتەی یەکێک لە کارمەندانی نەخۆشخانەی \"نەبی ئەکەرەم\" لە شاری شنۆ، لەماوەی چەند شەوی رابردوودا زیاتر لە ١٠ کەس کە زۆربەیان ژن بوون، بەخواردنی حەب هەوڵی خۆکوژییان داوە و لە بەشی ئورژانسی ئەم نەخۆشخانەیە چارەسەرییان بۆ کراوە.

بە بڕوای توێژەرانی کۆمەڵایەتی خۆکوژی ئاماژە بە ناسەقامگیری و نەخۆشیی درێژخایەن لەنێو کۆمەڵگە دایە و زیاتریش ئەو کەسانە تیایدا دەبنە قوربانی کە تووشی دیاردەکانی نێو ئەو جۆرە کۆمەڵگەیانە بوون.