"حەیدەر قوربانی" لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە

11:07 - 4 خەرمانان 2720

"حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە گرتنگەی ناوەندیی سنە، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپای ڕاگەیاند: "بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو زیندانییە سیاسییە، سەردانی زیندانی ناوەندیی سنەیان کردووە و بەرپرسانی ئەو زیندانە ڕێگرییان لەو چاوپێکەوتنە کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاش ڕێگریکردن لە بنەماڵەی "حەیدەر قوربانی" بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ناوبراو، بەرپرسی حیراسەتی سنە ئەو زیندانییە سیاسییەی بانگهێشت کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە هەتا کاتی نادیار ئیزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی نییە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، بەهۆی  میدیاییکردنی هەواڵی حوکمی ئێعدامی حەیدەر قوربانی، ئەو زیندانییە سیاسییە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژ، حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم ڕاگەیەندرا.

 ئەو زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە تۆمەتی "بەغی" بە ئێعدام مەحکووم کراوە و دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمەی پشتڕاست کردووەتەوە.

"حەیدەر قوربانی" کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆری" چەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کرد.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تێلێڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری بە ناوی "شۆفیری مەرگ" (رانندە مرگ)، بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ١٤ی ڕەزبەری ٩٨دا بە تۆمەتی "لێدانی فیزیکی و بریندارکردن بە چەک، بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست، هەوڵدان و یارمەتی بۆ هەڵاتن لە بەدواداچوون و موحاکمە و سزادان، هاوکاری لە کوشتنی بەئەنقەست، دەستپێکی کوشتنی بەئەنقەست، جێگۆڕکێ بە ژمارەی پلاکی ماشین، دەستپێکی دزینی مرۆڤ و وەرگرتنی ماڵی دزراو" لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە موحاکمە کرابوو.

هەروەها لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری، هەر کامەیان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بۆ سێ تاوانی هاوبەشی لە کوشتنی بەئەنقەست و هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران "بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی" مەحکووم کرابوو.

هەروەها لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی بەهۆی دەسبەسەرداگرتن بەسەر دوو ماشینی پژۆ ٤٠٥دا، بە دوو حوکمی شەلاقی تەعزیری هەر کام بە ڕێژەی ١٠٠ لێدان، بە تۆمەتی دانانی پلاکی ماشین بە دوو زیندانیی تەعزیری هەرکام بۆ ماوەی ١٥ مانگ، بە تۆمەتی دەستپێکی دزینی مرۆڤ بە سزای ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، بەهۆی سێ تۆمەتی هەوڵدان و هاوکاری بۆ هەڵاتنی تاوانباران بە ٣ سزای زیندانی هەرکام بە ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کردبوو.

"حەیدەر قوربانی" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "بغی، هەڵگرتنی چەک دژ بە حکوومەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی" موحاکمە کراوە و ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٩٨، بە فەرمی حوکمی لەسێدارەدانەکەی لە زیندانی  سنە پێ ڕاگەیەندراوە.

لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ١ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای کامیاران، پۆلیسی ئاگاهی و ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە ئەنجام دراوە.

پارێزەری دۆسیەی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام داوای بەدواداچوون لە لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی سنەی کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دوایین بارودۆخی دۆسیەی "حەیدەر قوربانی بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "پارێزەری حەیدەر قوربانی ڕایگەیاندووە کە بەنیسبەت داسەپاندنی حوکمی لەسێدارەدانی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری سنە و بڕیاری لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات کە لە پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگای سەرەتایی دەرچووە، خوازیاری بەدواداچوونی کردووە و ئەو داخوازییەش لە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژ تۆمار کراوە".