حوکمی دوو ساڵ زیندانیی سەلاح بەهرامییان لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە

10:27 - 1 رەزبەر 2721

لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوە لە ورمێ حوکمی دوو ساڵ زیندانیی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح بەهرامییان" خەڵکی گوندی "گوندەوێڵە" سەر بە شنۆی پشتڕاست کرد.

ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانان بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزایی" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە و ناوبراو بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و لە تۆمەتی "تەبانی دژی نیزام"، بێتاوان ناسێندراوە.

کۆبوونەوەی دادگایی سەلاح بەهرامییان ڕۆژی سێشەممە ١ی پووشپەڕ لە دادگای ئینقلابی شنۆ بەڕێوە چووبوو.

سەلاح بەهرامییان ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ناوبراو پاش کۆتایی لێپرسینەوە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بانەمەڕ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.