بەڕێوەچوونی سمیناری زانستیی ژینگە و ژیان لەشاری سنە

20:31 - 10 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ئەنجوەمەنە فەرهەنگییەکانی شاری سنە سمینارێکی زانستیی لە زانکۆی پەیام‌نووری ئەو شارە و لەژێر ناوی \"ژینگە و ژیان\" بەرێوەبرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی سەرماوەز بە بەشداریی بەرپرسی ئیدارەی ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکانی ئوستانی کوردستان و کۆمەڵێک چالاکی خوێندکاری و ژینگەپارێزی و NGOی و رێکخراوەکانی ئوستانی کوردستان سمیناری زانستیی ژینگە و ژیان سەبارەت بە سروشتی کوردستان دەستی پێکرد و لە دوو دانیشتنی بەیانی و پاشنیوەڕۆدا بەڕێوەچوو.

هەواڵنێری کوردپا لەشاری سنەوە رایگەیاند، سەرەتای کۆبوونەوەکە \"رێبوار کامرانی‌پوور\" بەرپرسی ئەنجومەنی هەورام و رێکخەری ئەو سمینارە باسێکی لەسەر ژینگەی کوردستان کرد و دواتریش دوکتور ئەسکەندەر مورادی وتارێکی لەژێر ناوی \"گوتاری ژینگە لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان\" خوێندەوە.

دواتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە دروست کردنی بەنداو و فڕێ‌دانی زبڵ و پاشماوە بۆ نێو ژینگە و سروشت پیشان درا و دواتریش موهەندیس \"ناسێح قادری\" بەرپرسی گشتیی \"ئیدارەی ژینگە\"ی کوردستان باسێکی لە پەیوەندی لەگەڵ دروست کردنی بەنداو و خەسارەکانی، پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەژێر ناوی مافەکانی سروشت و ژینگە پیشان دراو و پاشان عەباس رۆحی وتارێکی لەو پەیوەندییەدا خوێندەوە و دواتر موهەندیس بەهمەن زارعی و دوکتور فوئاد حەبیبی باسێکیان لەژێر ناوەکانی \"ژینگە و میدیا\" و \"ژینگە و NGO\"کان پێشکەش کرد.

هەروەها لە پانێلی پاشنیوەڕۆدا دوکتور نه‌بی ئەحسەنی بابەتێکی لەژێر ناوی \"ژینگەناسیی زاگرۆسی شوماڵی\" خوێندەوە و پاشان گرتەیەکی ڤیدیۆیی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەی مەریوان و سەوڵاوا پیشان درا و هاوکات باسێک لە خەسارەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوانە و چالاکییەکانی ئەنجومەنی خەڵکیی \"سەوزی چیای مەریوان\" لەلایەن ئیرەج قادرییەوە پێشەکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی سمینارەکەدا ئیره‌ج قادری بەرپرسی بەشی ئاگر کوژاندنەوەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان باسی لە خەساری ئاگرکەوتنەوەکانی مەریوان و سەوڵاوا کرد و گوتی؛ لەساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٢٥٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەو دوو ناوچەیە رووی داوە و پێویستە لایەنە حکوومەتییەکان بەشێوەی جیددی بۆ کووژاندنەوەی ئاگرەکان هاوکاری بکەن.

لە بەشێکی دیکەدا راپۆرتێک ڤیدیۆیی لەسەر گۆلی زرێبار پیشان درا کە تیایدا ئەو خەسارانەی کە بەرەوڕووی ئەو گۆلە دەبنە خرایەڕوو کە تیایدا رەخنە لە کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەدیداراکان گیرا.