بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی جەماوەری لە کرماشان / تەکمیلی + فیلــم

21:02 - 19 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ یەکشەممە رێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی یارسان و مافی مرۆڤ لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خۆپیشاندانێکی بەرینیان لە شاری کرماشان بەڕێوە برد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کرماشانەوە رایگەیاند: خۆپیشاندەران بە دانی دروشم و هەڵگرتنی پلاکاردی وەک: \"بێ دەنگی نیشانەی رەزامەندی نییە، ژیانی بەرابەر مافی هەموو مرۆڤێکە، لە دیندا هیچ ئیجبارێک نییە، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی.

لە بەشێکی دیکە لەو دروشمانەدا هاتبوو، \"ئاگر لە جەستەی خۆمان بەر ئەدەین، بەڵام سووکایەتی قبووڵ ناکەین، ئیدی بەسە چیدیکە سووکایەتی قبووڵ ناکەین و هەروەها زۆربەی خۆپیشاندەران نووسراوەی کەلوڕیی \"یاران مەر ئەوسا تەیموور دڵشاد بوو *** ئازادی مەخلووق دادرەسی داد بوو\"یان هەڵگرتبوو کە لە دەفتەری \"سرنجام\" کتێبی ئایینی یارسانەکان دەرهێنراوە.

لە درێژەی راپۆرتەکەی \"هەواڵنێری کوردپا\"دا هاتووە، خۆپیشاندەران وێڕای مەحکووم کردنی هەڵسووکەتی نەشیاوی ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان خوازیاری ئازادیی \"مێهرداد رەحمانی\" وێنەگری رووداوی خۆسووتاندنی \"نیکمەرد تاهیری\" بوون.

هەواڵنێری کوردپا راشیگەیاند: هەنووکە هێزێکی زۆری نیزامی و گاردی تایبەت لە شاری کرماشان جێگیر کراون و دۆخیکی ئەمنییەتی باڵی بەسەر ئەو شارەدا کێشاوە.

هاوکات خۆپیشاندەران رایانگەیاندووە کە هەتا رۆژی چلەی \"نیکمەرد تاهیری\" دەبێ ئەنجامدەرانی ئەو سووکایەتی پێکردنەوە سزا بدرێن و لە ئەگەرێ پشت گوێ کەوتنی ئەو مەسەلەیە سەر لەنوێ دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە.

کەڵک وەرگرتن لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە تەنیا بە ئاماژە کردن بە سەرچاوەکەی رێگە پێدراوە.