بەفر و سەهۆڵبەندان بووە هۆی داخرانی شیفتی قوتابخانەكانی سەرلە بەیانیی كرماشان

13:51 - 1 رێبەندان 2711
كوردپا: هاتنی شەپۆلی بەفر و سەهۆڵبەندان كرماشان و دەوروبەری گرتەوە و بووە هۆی داخرانی شیفتی بەیانیی قوتابخانە سەرەتاییەكانی كرماشان.

سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دایرەی گشتیی پەرەوەردە و بارهێنانی پارێزگای كرماشان بە بڵاو كردنەوەی ئاگادارییەك بەهۆی بارینی بەفر و سەرمای زۆر شیفتی بەیانیی ئەمڕۆی شاری كرماشان و ١٠شاری دیكەی ئەو پارێزگایەی بە پشوو راگەیاند.

سەهۆڵبەندان، خزبوونی شۆستە و رێڕەوەكان و زۆری سەرما بە هۆكاری داخرانی قوتابخانە سەرەتاییەكانی پارێزگای كرماشان راگەیەنراوە.

قوتابخانەی سەرەتایی شارەكانی، سەرپێل زەهاو، قەسر شیرین و گیلان غەرب كەلە ناوچەی هەتاڕادەیەك گەرمەسێر هەڵكەوتوون، دانەخراون.

ئێستا زۆربەی ناوچەكانی داڵاهۆ، پاوە، جوانڕۆ، سونقوڕ، كەنگاوەر، سەحنە، ئیسلام ئابادی غەرب، هەرسین، سەلاسی باوەجانی، روانسەر و كرماشان سپی پۆشن و سەهۆڵبەندانی شەقامەكان بۆتە هۆی گرفت بۆ هاووڵاتییان.

بەپێی راپۆرتی ئیدارەی رێگاوبانی شاری پاوە، رێژەی بارینی بەفر لە هێندێ‌ ناوچە گەیشتۆتە نیو میتر.

رۆژی رابردوو بەهۆی زۆریی بارینی بەفر پەروازەكانی فڕۆكەخانەی ئیلام هەڵوەشاونەتەوە.

شەوی رابردووش پلەی سەرما لە پارێزگای كرماشان گەیشتۆتە ١٠ پلەی ژێر سیفر.

وێنە : ئیرنا