بێسەروشوێن بوونی ٢ یاریزانی فوتباڵی ورمێ

22:33 - 8 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ یاریزانی تیمی فوتباڵی مێرمنداڵانی ورمێ، بەبیانووی ناردن بۆ تاقیکردنەوە لە یاریگای وەرزشیی هەولێر، ماوەی ٣ رۆژە بێسەروشوێن کراون.

ماڵپەڕی \"ندای ارومیه\" لە زاری باوکی یەکێک لەو یاریزانانەوە بڵاوی کردۆتەوە، ئەو ٢ یاریزانە بڕی٢ میلیۆن تمەن پارەی نەخت، پێنج دانە \"چک\"ی بێ واژۆی سپی و برێک \"ئاڵتوون\"یان پێ بووە، کەلە چەند شەو پێش ئێستاوە کە بەبیانووی چوون بۆ یاریگای وەرزشیی هەولێر، لە ماڵەوە چوونەتە دەرێ و هەتا ئیستا هیچ هەواڵیک لە چارەنووسیان لەبەردەست دا نییە.

باوکی ئەو یاریزانە ئاشکرای کردووە، کە لە بێسەروشوێن کردنی ئەو ٢ یاریزانەدا، ٣ راهینەر دەستیان هەیەو یەکێک لە راهینەرانی کوڕەکەم بەناوی \"م\" چەند رۆژ پێش ئێستا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای چەند سەد هەزرا تمەن پارەی لێکردووم.

باوکی ئەو یاریزانە بێسەروشوێن کراوە ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی ٥ی پووشپەڕ کوڕەکەم پێی راگەیاندم کە بڕیار وایە هاوڕێ لەگەڵ راهێنەرەکەم بەمەبەستی تاقیکردنەوەی جەستەیی سەردانی یاریگای وەرزشیی شاری هەولێر بکەین، بەڵام لە کاتی چوونەدەرەوەی لەماڵ هەتا ئێستا چاەنووسی ناڕوونە.

لە درێژەی هەواڵەکەدا هاتووە، بنەماڵەی ئەو ٢ یاریزانە ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی شاری \"ورمێ\"یان لەو رووداوە ئاگادار کردۆتەوە و ئەگەری ئەوە دەکرێ لەلایەن راهێنەرەکانیانەوە رفێندرابێت.