حەفتەی یەکەمی مانگی پووشپەڕی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

لەم راپۆرتەدا حەفتەی خوێناویی ژنانی کورد لە کوردستانی ئێران، مردنی ٢ خوشک لە ورمێ بەهۆی تەقینەوەی مین، ئازادیی "ژیلا بەنی یەعقووب" و هاتنە مەرەخەسیی "نەسرین ستوودە"، ناڕوونی چارەنووسی "بەیان کاکاخانی"، " گیتا رەزایی زیلانی" و "ئازیتا راستی" و رێگری کردن لە چاوپێکەوتنی "شەونم مەدەد زادە" لەگەڵ براکەی خۆی، دەخرێتەڕوو.

کوردستـــــــــــان

حەفتەیەکی خوێناوی بۆ ژنانی کورد

ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ لە ناوچەی "کۆماسی"ی شاری مەریوان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بەدەستی ٤ برای خۆی سەربڕدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣ی پووشپەڕ ژنێک بەناوی "سۆیبە قادری" خەڵکی "گوندی "شاییەر"ی سەربە ناوچەی "کۆماسی"، بەشێوەیەکی بێ‌بەزەییانە لەلایەن ٤ برای خۆیەوە کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هاوسەری ئەو ژنە و هەروەها ٤ براکەشی لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کراون، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچەیە لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو کەسانە لەهەمبەر خولقاندنی ئەو تاوانە بەرەوڕووی هیچ سزایەکی دادگا نابنەوە.

سۆیبە لەگەڵ کەسێکی خەڵکی گوندی " گوڵان" ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو و هەروەها دایکی ٣ منداڵیش بوو.

لەلایەکی دیکەوە، لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە دەستی مێردەکەی ئاورێ تێبەردرا و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژنێک بەناوی "ماریا فەلاح" کچی وەستا عەلی و خەڵکی ناوچەی "مەرگەوەڕ"ی سەربە شاری ورمێ، کە چەند مانگ پێش ئێستا لەلایەن مێردەکەی خۆیەوە ئاگری تێبەردرابوو، سەرئەنجام رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٤ی پووشپەڕ بەهۆی سووتانی ٦٠%ی جەستەیەوە گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، مێردی ئەو ژنە بەناوی "سەلاحەدین" کەسێکی موعتاد بوو کە لە ئەنجامی دروستبوونی کێشە لە نێوانیاندا، ئاگری لە ماریای هاوسەری بەرداوە و پاش چەند مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی تەورێز، گیانی لەدەست دا.

ماریا کە دایکی ٤ منداڵ بووە، چەند ساڵ پێش ئێستا بەزۆری ژن بە ژنی پێکرابوو، کە بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، مێردەکەی لە دەستپێکی ژیانی هاوبەشییەوە گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان بووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەدەی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٦ ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون و هەروەها ٢ ژن و کچێکی تەمەن ٣ ساڵ لە دەرەوەی ماڵدا بەدەستی کەسانی نەناسراو گیانیان لێ ئەستێندراوە.

ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بەئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.

بەڵام کوژرانی ژنانی کورد لە چوارچێوەی سنوورەکانی کوردستاندا قەتس نەمایەوەو هەر لەو پەیوەندییەدا رۆژی ٣ی پووشپەڕ ژنێکی کورد بەناوی "هەڵاڵە خزری" بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی کوژرا.

هەڵاڵە دایکی ٢ منداڵەو ١٠ ساڵ پێش ئێستا هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ بووە.

دەگوترێت هەڵاڵە داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی خۆی کردووە، بەڵام دیار نییە کە هۆکاری کوژرانی ناوبراو لەو پەیوەندییەدا بووبێت.

تەقینەوەی مین لە ورمێ گیانی ٢ خوشکی ئەستاند

دووکچە کوردی تەمەن ١٣ و ٢٠ ساڵ و خەڵکی ناوچەی "قوچی"ی سەربە شاری ورمێ، بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی کۆنە پایەگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ناوچەیە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا ٢ خوشک بەناوەکانی "غەزاڵ" تەمەن ٢٠ ساڵ و لەیلا تەمەن ١٣ ساڵ و لەکاتی چوون بۆ کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە بوونە قوربانیی تەقینەوەی مین و گیانیان لەدەست دا.

ئەو دوو خوشکە کچی خالید و خەڵکی گوندی "شەریف ئاوای" سەربە شاری ورمێ بوون، کە بەهۆی تەقینەوەی مینی کۆنە پایاگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو ناوچەیە، گیانیان لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا سەرجەم ١٧ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوون کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ١٤ کەسیشیان بریندار و تووشی کەمئەندامی هاتوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئامای راستەقینە لەو رێژەیە ش زیاتر بێت.

ناڕوونیی چارەنووسی "بەیان کاکاخانی" و "گیتا رەزایی زیلانی"

گیتا رەزایی زیلانی

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣ مانگ لە دەستبەسەر کرانی "بەیان کاکاخانی" و هاوسەرەکەی "هیوادار ئافەرین" هەتا ئیستا چارەنووسیان نادیارە.

رێکەوتی ١٧ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی ئەو ژن و مێردەی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیئتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆشوێنێکی نادیار راگوێزران.

لەلایەکی دیکەوە لە چارەنووسی "گیتا رەزایی زیلانی" کارناسی " نرم افزار" لە کۆمپانییەکی بیانی، کە رۆژی ٢٨ی جۆزەردان لەکاتی چوونەدەرەوە لە کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە فڕۆکەخانەی "ئەشرەفی"ی ئەو دەستبەسەر کرا، هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان دوابەدوای دەستبەسەر کردنی "گیتا رەزایی" چوونەتە ماڵی شەخسیی ناوبراو و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر کۆمپیوتێر و کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراویشدا گرتووە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەفتە لە دەستبەسەر کرانی گیتا رەزایی زیلانی، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا هێچ زانیارییەکیان لە شوێنی راگیران و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ناوبراو نەدرکاندووە.

ئێـــــــــــــــــــــــــران

ئازاد کرانی ژیلا بەنی یەعقووب و هاتنە مەرەخەسیی "نەسرین ستوودە"

رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ رۆژنامەنووس و چالاکی مافی ژنان پاش تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، لە زیندان ئازاد کرا و هەروەها نەسرین ستوودە پارێزەری دادگاکانی ئێران مەرەخەسی پی درا.

ژیلا بەنی یەعقووب کە رۆژی ٣٠ جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨ پاش رووداوەکانی هەڵبژاردن لە ئێران هاوڕی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستبەسەر و دواتر بە ١ ساڵ زیندانی تەعزیری و و ٣٠ ساڵ بێبەری بوون لە پیشەی رۆژنامەنووسی مەحکووم کرا.

سەرئەنجام رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ پاش تەواوبوونی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا.

لەلایەکی دیکەوەو لە هەمان رۆژدا نەسرین ستوودە پارێزاەری زیندانی کراو و ئەندامی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ مەرەخەسی پێ درا.

نەسرین ستودە پارێزەر و چالاکی ژنان، لە خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا، لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی تاران بەتاوانی تەبلیغات بەدژی نیزام بە ٦ ساڵ زیندنای تەعزیری و ١٠ ساڵ بێبەری بوون لە پیشەی پاریزەری مەحکووم کرا.

ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی "ئێڤین" تێپەڕ دەکات.

ناڕوونیی چارەنووسی "ئازیتا راستی فیرووز زادە"/ رێگری لە چاپێکەوتنی "شەونم مەدەدزادە"

ب

ئازیتا راستی فیرووز زادە

ەپێی ئەو هەوالانەی کە بڵاوبوونەتەوە، لە چارەنووسی "ئازیتا راستی فیروززادە" کە رۆژی سێ شەممە رێکەوتی ٢١ی جۆزەردان لە شیراز دەستبەسەر کرا، هیچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

ئەو چالاکە خوێندکارییە، پاش کۆبوونەوەی تەبلیغاتیی "حەسەن رۆحانی" لە یاریگای "دەستغەیب"ی شاری شیراز، هاوڕێ لەگەڵ ٢ چالاکی دیکەی خوێندکاری دەستبەسەر کرا.

شەونم مەدەدزادە

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی "ئازیتا" بۆ ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکان، هیچ زانیارییەکان لەسەر چارەنووسی رۆڵەکەیان پێ رانەگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە، شەونم مەدەدزادە بەهۆی ئەوە کە ئامادەی قبووڵ کردنی مەرجی مەئموورانی زیندان بۆ چاوپێکەوتن نەبووە، ماوەی چەندین مانگە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ "فەرزاد مەدەدزادە" بێبەری کراوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێرانا
ماڵپەڕی دانشجونیوز
کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافی مرۆڤ
ئاژانسی ئێران خەبەر