بڕینی دارەکانی شاری پیرانشار قوربانی تێڕوانینی بازرگانییانەی شارەوانیی + وێنــە

15:56 - 8 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دارەکانی سەر شەقام لە پیرانشار بە بڕیاری شارەوانی و هەڵبژێردراوانی چوارەمین خولی شۆرای ئەو شارەوە، لە ناو دەبرێن.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا پەیمانکاری نوێژەن کردنەوەی رێڕەوەکانی نێو شار لە هەڵوێستێکی جێگەی سەرسووڕماندا ٢٠ بن داری لە ناوەندی شاری پیرانشاردا، لە رەگەوە دەرهێنا.

بڕین و لەرەگ دەرهێنانی ئەو دارانە بەپێی مۆڵەتی سەرپەرشتی شارەوانی و بە کەڵک وەرگرتن لە دەزگایەک لۆدێر ئەنجام دراوە.

یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی پیرانشار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: زیادبوونی رێژەی حەشیمەت لە پیرانشار و هەروەها هەڵکەوتەی نزیکی لەخاڵی سنووریی \"حاجی ئۆمەران\" کە رۆژانە رێژەیەکی بەرچاو ماشێنی بارهەڵگر هاتۆوچۆی تێدا دەکەن، بۆتە هۆی ئەوە شارەوانی لە روانگەی ئابوورییەوە چاو لە نۆژەن کردنەوەی شەقام و رێرەوەکان بکات.

پێشتریش لە چەند ساڵی رابردوودا شارەوانیی پیرانشار سێ جار و هەر جارەش بەبێ مۆڵەتی ئیدارەی پارک و فەزای سەوز یان میرات فەرهەنگی، بەبیانووی جۆراوجۆر داری سەر شەقامەکانی لە رەگەوە درهێناوە.

ئەو چالاکە ژینگە پارێزە باسی لەوەش کرد، ماوەی ٤ ساڵە کە پیرانشار \"شارەدار\"ی نیە و برینی ئەو دارانەی شاری پیرانشار کە بە یەکێک لەریزی یەک هەزار شاری خاوێنی جیهان دادەندرێ، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت کارێکی ناڕەوایە.

کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی پیرانشار وێڕای مەحکووم کردنی ئەم هەڵوێستەی شارەوانی، داوایان لە بەرپرسانی حکوومتی کردووە کە لەخەمی جوانی و سروشتی سەوزی شارەکەدا بن.
\"15725.jpg\"

\"15726.jpg\"

\"15727.jpg\"

\"15724.jpg\"