بڕیاری دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد درێژ کرایەوە

11:40 - 4 خەرمانان 2720

بڕیاری دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەید ئەحمەد سەبری" کوڕی "سەید مستەفا" خەڵکی شاری پەسوێی پیرانشار، دووبارە بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کرایەوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بۆ دووەمین جار لەسەر یەک، ئەمجارەش بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە درێژ دەکرێتەوە".

ئەو سەرچاوە ئاگاداره دەڵێت: "ئەو هاووڵاتییە کوردە لەو ماوەیەدا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە".

سەید "ئەحمەد" هەنووکە لە گرتنگەی ئەلمەهدیی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێدایە.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی "سەید مستەفا سەبری" و کوڕەکەی لە شاری "پەسوێ" سەر بە پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەوانیان دەسبەسەر  و پاش چەند کاتژمێر  لێپرسینەوە، "سەید مستەفا سەبری" ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان "سەید ئەحمەدی سەبریـ"ـیان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.