به‌ریوه‌چوونی كوبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ناره‌زایەتی‌ بۆ پشتگیری‌ له‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ رۆژهه‌ڵات+وێنە

14:02 - 21 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە رۆژنامەنووسان و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگەی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ شه‌ست‌ و سێیه‌مین رۆژی‌ زیندانی كردنی \"برایانی کوردپوور\"‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ناره‌زاییان پێکهێنا.

‌رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ کۆمەڵێک لە رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵات و نیشتەجێی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە سه‌یرانگای‌\" جاسه‌نه\"ی‌ هه‌ڵكه‌وتوو له‌ پارێزگای‌ سلێمانی بەڕێوە برد ‌کە ناڕازییان لەو کۆبوونەوەیەدا خوازیاری ئازاد کردنی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور بوون و هاوکات پشتگیریی‌ خۆیان بۆ داواكاری‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ رۆژهه‌ڵات ده‌ربری‌.

له‌ كوبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یامی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ ئەو دوو رۆژنامه‌نوسه‌ زیندانیكراوه‌‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتبوو:\" ماوەی دوو مانگە رۆڵەکانمان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەتا ئێستاش هۆکاری دەستبەسەر کردنیان نەک بە ئێمە وەکوو بنەماڵە، بەڵکوو بە خۆشیان رانەگەیەندووە و لە ژووری تاکەکەسیەکانی زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ چارەنووسیان نادیارە.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ندین رۆژنامەنووس و رێکخراو په‌یام‌ و وتاری‌ پشتگیری‌ خۆیان خوێندەوە‌ كه‌ تێیدا مه‌ترسی‌ خۆیان له‌ دۆخی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كورد له‌ ئێران ده‌ربڕیبوو.

رۆژنامه‌نوسان، نوێنه‌رانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگەی‌ مه‌ده‌نی‌‌ و چالاكانی‌ رۆژهه‌ڵات بە به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ی‌ كوردپوره‌كان ناره‌زایی‌ خۆیان له‌ دۆخی‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كورد له‌ ئێران ده‌ربڕی ‌‌و داوایان له‌ حكومه‌تی‌ ئێران كرد رۆژنامه‌نوسانی‌ زیندانی‌ لە زیندان ئازاد بكه‌ن.

\"12598.jpg\"

\"12599.jpg\"