بانگهێشتی بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی "پۆرسمان" بۆ لقی ٣ی دادیاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز

10:21 - 31 خەرمانان 2721

مستەفا حەمدی، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی "پۆرسمان"، بۆ لقی ٣ی دادیاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بانگهێشت کرا.

لقی ٣ی دادیاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز، ئەو چالاکە میدیاییەی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست"، بانگهێشت کردووە.

ئەو چالاکە میدیاییە بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە بەدەستی گەیشتووە دەبێ پێنج ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی ئەو بانگهێشتنامەیە لە سامانەی بانگهێشت، بۆ داکۆکی لە تۆمەتی وەپاڵدراوی لە لقی ٣ی دادیاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز ئامادە بێت.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، مستەفا حەمدی لەلایەن دادگای ئینقلابی سەقز بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی حوکمی دادگای ئینقلابی سەقز، ئەو چالاکە کوردە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی "سووکایەتی بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە دوو دۆسیەی هاوشێوەدا دادگایی کراوە و بێتاوان ناسێندراوە.