بارودۆخی مەترسیداری رێگەوبانەکانی شاری ئابدانان + وێنـــە

23:19 - 16 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رێگەی سەرەکیی شاری ئابدانان _ دەڕە شار، یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی ئوستانی ئیلام ئەژمار دەکرێت و ئەمەش راستەوخۆ هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتیان دەکات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێگەی سەرەکیی شاری ئابدانان _ دەڕەشار بە درێژایی ٣٥ کیلۆمیتر یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی ئوستانی ئیلامە بە وتەی شۆفیرانی ئەو رێگەیە زیاتر لە ١٥٠ پێچی مەترسیداری تێدایە.

لەلایەکی دیکەوە بەهۆی نەبوونی لەمپەر و پەرژین، لە زۆربەی شوێنەکانی بەرد و خۆڵ بۆسەر ئەو جادەیە هەرەس دێنن و رێگە لە شۆفیران و هاووڵاتیان بەربەست دەکات.

بە وتەی هەندێک لە شۆفیران، هەرەس هێنانی بەرد و خۆڵ بەسەر ئەو جادەیە، زۆر جار رووداوی هاتوچۆ و گیان لەدەست دانی هاووڵاتییانی لێ کەوتۆتەوە.

ئەوەش لە حالیک دایە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی شۆفیران و هاووڵاتییان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە هەڵنەگرتووە.

هەوەها دۆخی نالەباری شەقامەکانی نێو شاری ئابدانان هاوولاتییانی ئەو شارەی بەرەوڕووی گرفت کردۆتەوە و لەگەڵ بارینی باران، لە شەقامەکانی ئەو شارە لافاو دروست دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە زۆربەی کۆڵانەکانی ئەو شارە قیرتاو نەکراون و لە وەرزاکانی باران باریندا کێشەی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان و دانێشتوانی ئەو شارە دروست دەکات.

ئیدارەی پزیشکی قانوونیی ئوستانی ئیلام لە رێبەندانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا بڵاوی کردەوە کە تەنیا لە سەرەتای ئەو ساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی سەماوەز ١١٩ هاووڵاتیی کورد لەو ئوستانەدا بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە کە ٩٤ حاڵەتیان لە جادەکانی دەرەوەی شار هاتوونەتە ئاراوە.

لە درێژەی ئەو ئامارەدا هاتووە کە لەو ماوەیەدا ٢ هەزار و ٣٩ کەسیش لە رووداوەکانی هاتوچۆدا بریندار بوون کە ١ هەزار و ٦٢٢ کەسیان ژن بوون.

لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی پزیشکی قانوونی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ لە نوێترین ئاماری خۆیدا بڵاوی کردەوە کە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی سەرجم ۱۹ هەزار و ۸۹ هاووڵاتی لە ئێراندا بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە.

\"12536.jpg\"

\"12535.jpg\"

\"12534.jpg\"

\"12533.jpg\"

\"12532.jpg\"

\"12531.jpg\"