بارودۆخی جەستەیی ژنە زیندانییەی کورد نالەبارە

14:29 - 19 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: فاتمە پەرویزی زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی شاری کەرەج، پێش ئەوەی چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت، رەوانەی زیندانی \"نەوشەهر\"ی سەربە ئۆستانی مازندەران کرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فاتمە پەرویزی ژنە زیندانیی کورد و کە بەهۆی نالەباریی باری جەستەیی ماوەی ٥ رۆژ مەرەخەسیی بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی پێدرابوو، بەهۆی کەمیی کات و دووریی زیندان لە شوێنی بنەماڵەکەی، بەشێوەی پێویست چارەسەری پزیشکی بۆ نەکرا و لە ئەنجامدا رەوانەی نێو زیندان کرایەوە.

ئەوەش لە حاڵێک دایە کە پزیشک پێی راگەیاندووە کە پێویستە ماوەیەکی زۆرتر لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دابێت، بەڵام نابراو بەهۆی کەمیی کات تەنیا بۆ ماوەی ٢ رۆژ توانیویەتی سەردانی پزیشک بکات.

\"11901.jpg\"
فاتمە پەرویزی، زیندانی سیاسیی کوردی
فاتمە پەرویزی بەتۆمەتی \"بێ‌ڕێزی کردن بە سەربازانی بێ ناونیشانی ئیمام زەمان\" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیزری حوکم دراوە و هەنووکە لە زیندانی شاری \"نەوشەهر\" ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

هەروەها پێشتریش بەرپرسانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە ئەو زیندانییە سیاسییەیان راگەیاندبوو، کە تەنیا لە کاتێکدا لە زیندان ئازاد دەکرێت، کە کوڕەکەی \"سیروان کەمانگەر\" بگەڕێتەوە بۆ نێوخۆی وڵات و خۆی رادەستی هێزە ئەمنیەکان بکاتەوە.

سیروان کەمانگەر ساڵی ١٣٨٢ بۆ ماوەی ١٠٥ رۆژ لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەریدا بوو و دواتر بە تاوانی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری \"خورە‌م ئاباد\"ـەوە بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا و ماوەی ئەو حوکمەی لە زیندانی ئەو ئوستانە تێپەڕاند.